خۆپیشانده‌رانی ناڕازیبووی عێراق دوو كاندیدی دیكه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

وێنه‌یان له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا هه‌ڵواسیوه‌ و نیشانه‌یه‌كی چه‌وتی سووری گه‌وره‌یان به‌سه‌ر وێنه‌كاندا هێناوه‌

خۆپیشانده‌رانی ناڕازیبووی عێراق ناوی دوو كاندید بۆ بوونه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ . 

خۆپیشانده‌ران له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر هه‌ڵمه‌تی ره‌تكردنه‌وه‌ی كاندیده‌ حزبییه‌كانیان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق ده‌ستپێكردووه‌ و له‌ دوایینیشیاندا دوو كاندیدی دیكه‌یان ره‌تكرده‌وه. ‌

ئه‌و دوو كاندیده‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی و عه‌لی شوكرین، كه‌ به‌مدواییانه‌ ناوه‌كانیان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆی لایه‌نه‌كان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ جێگره‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی. 

خۆپیشانده‌ران وێنه‌ی هه‌ردوو كاندیده‌كه‌یان له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا هه‌ڵواسیوه‌ و نیشانه‌یه‌كی چه‌وتی سووری گه‌وره‌یان به‌سه‌ر وێنه‌كاندا هێناوه‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ قه‌بووڵیان نیه‌ هیچ یه‌كێك له‌و دووه‌ ببنه‌ سه‌رۆك وه‌زیران و بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ رابسپێردرێن.