وەزیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و كونسوڵی كۆریای باشوور پڕۆتۆكۆڵێكیان واژۆكرد

بە گوژمەی 300 هەزار دۆلار

پڕۆتۆكۆڵێك بە گوژمەی 300 هەزار دۆلار ئیمزا كرا، لە دانیشتنی نێوان بەڕێز رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و چۆی كوانگ جین كونسوڵی گشتی كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان، رەوشی گشتی و بەتایبەتیش رەوشی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و لەم چوارچێوەیەشدا پڕۆتۆكۆڵێك بە گوژمەی 300 هەزار دۆلار بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران ئیمزا كرا. 

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا باسیان لە ڕەوشی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كرد، دواتر لە مەڕاسیمێكدا هاوكارییە مرۆییەكان خرانەڕوو كە پێكهاتبوون لە كەلوپەل و پێداویستی سەرەكی و سەرەتایی ژیان كە لەلایەن حكوومەتی كۆریای باشوور دابینكرابوو بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، وەزیری ناوخۆ بە نوێنەرایەتی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی حكوومەتی كۆریای كرد بۆ هاوكارییە بەردەوامەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان، جەختیشی كردەوە كە هاوكارییە مرۆییەكان زۆر پێویستن و هاوكارییەكی باش دەبێت بۆ ئاوارە و پەنابەران بەتایبەتیش كە ئێستا لە وەرزی بەتینی سەرمای زستانداین. 

بڕیارە كەلوپەل و پێداویستییەكان لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كونسوڵگەری وڵاتی كۆریا بەسەر ئاوارە و پەنابەران دابەش بكرێت. 

هاوكارییەكان بە گوژمەی 300 هەزار دۆلار لەلایەن وڵاتی كۆریا دابینكراوە و پێكدێت لە كەلوپەل و پێداویستی سەرەكی ژیان، وڵاتی كۆریا ساڵانە هاوكاری لەمجۆرە دابین دەكات وەك پاڵپشتییەك بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران كە ماوەیەكی زۆرە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان بۆتە لانە و شوێنی مانەوەیان دوای ئەوەی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكانی خۆیان ئاوارەبوون.