فەرهەنگ غەفوور: ٢١ ساڵەی پەخشی کەناڵی کوردستان تیڤی لە تەواوی کوردستانییان پیرۆز بێت

کەناڵە بەڕێز و سەنگینەکەتان لەگەڵ خەمی خەڵکدا بووە و بووەتە چاو و گوێی خەڵک و وەک پردێکی متمانەپێکراو بووە

بەڕێزان: بەڕێوەبەر و ستاف و ئەندامانی کەناڵی کوردستان تیڤی

بەر لە هەر شتێک، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و یەکە یەکەی ئەندامانی کەناڵە دێرین و راستگۆیەکەتان دەکەم، کە یەکەم کەناڵی ئاسمانیی کوردستانی بوو، پەخشی خۆی لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان، لە ٢١ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە (١٧-١- ١٩٩٩) دەست پێکرد.

ئەم کەناڵە سەنگینە، ئەگەرچی کەناڵی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام ماڵی تەواوی کوردستانییان بووە بە هەموو چین و توێژ و نەتەوە و ئایینزایەک. کوردستان تیڤی، کە هەڵگری خەسڵەت و پەیامی ئینسانی و کوردایەتی و کوردستانییە، بەوپەڕی وریاییشەوە پرنسیپەکانی رۆژنامەوانی لە کارەکانی خۆیدا بەرجەستە کردووە.

لەو چەند ساڵەی رابردوودا، کەناڵە بەڕێز و سەنگینەکەتان، لەگەڵ خەمی خەڵکدا بووە و بووەتە چاو و گوێی خەڵک و وەک پردێکی متمانەپێکراو بووە لەنێوان خەڵک و حکوومەت و دامەزراوەکان. کەناڵی کوردستان تیڤی هاوسەنگەری پێشمەرگە بووە لە سەنگەری بەرگری دژی داعش و داگیرکاران، هەروەها لە بەرەی بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان بووە، بە تایبەت لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا.

کوردستا تیڤی، کە لە رۆژگاری خۆیدا وەک زەروورەتێکی مێژوویی لەدایک بوو، بۆ ئەوەی ببێتە دەنگ و رەنگی کوردستان و مافە رەواکانی، ئێستاش بە هەمان نەفەس و بۆ هەمان مەبەست و ئامانج پێویستە، بەڵکوو پێویستە زیاتر گرنگیی پێ بدرێ و پێشبخرێ.

کەناڵی کوردستان تیڤی لە جۆربەجۆریی بەرنامەکانیشدا و لەناویشیاندا لە بواری هونەر و رۆشنبیری و فەرهەنگ و کولتوور و کەلەپوور و دیکۆمێنتاری مێژوویی، رۆڵێکی گەورە و بەرچاوی گێڕاوە. قوتابخانەی پێگەیاندن بووە بۆ دەیان کادیری رۆژنامەوان، کە ئەمڕۆ لە دەزگا و کەناڵە جۆراوجۆرەکاندا خزمەت دەکەن. هەر بوارێک شک ببەی، ئیدی کوردستان تیڤی لە خزمەت گەشەکردن و پێگەیشتنی دابووە لە کوردستان، بۆیە جێی سەرفرازی و دەستخۆشی و بەردەوامییە و هیوادارین لە داهاتووی کارەکانیدا، بە وزە و گوڕ و تینێکی تازە پەرە بە پەخشی بەرنامەکانی بدا و بەتایبەت بۆ ئێمەی چینی هونەرمەندانی کوردستان، بەرنامە زیاتر و جۆراوجۆرتر پێشکەش بکەن.

دووبارە پیرۆزبایی و دەستخۆشیی خۆم لە بەڕێوەبەر و ئەندامانی ئەو خێزانە تۆکمە و ئازیزەی (کوردستان تیڤی) دەکەم و سەرفرازیتان بە ئاوات دەخوازم.\

فەرهەنگ غەفوور
۱۷ی۱ی۲۰۲۰