مه‌سرور بارزانی: چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بۆنه‌ی په‌سندكردنی یاسای چاكسازی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، په‌یامێكی راگه‌یاند


مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بۆنه‌ی په‌سندكردنی یاسای چاكسازی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، په‌یامێكی راگه‌یاند.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی کە یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئەم یاسایە بە ” هەنگاونانێکی مێژوویی بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر “ ناودەبات . ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم بۆ پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی . ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر . ئەم پرۆژەیە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ وەڵامدانەوەی خواست وداوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. ئامانجیش رێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هێنانەدی دادپەروەرییە بۆ فەرمانبەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان .

دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەمووزی ساڵی رابردوو ، ئێمە دەستبەجێ لیژنەیەکی باڵامان لە حکومەت پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە و بەهێزکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی.

هاوولاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە دەقی کۆتایی یاساکە دڵنیایی گرنگی تێدایە سەبارەت بە مووچە وئیمتیازاتەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆران بە جۆرێک کە کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت .

چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. ئەم یاسایەش بەڵگەیەکی روونی دیکەیە لە سەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردانان بۆ گەندەڵی و هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی . هەروەها هەنگاوێکی گرنگیشە بەرەو حکومەتێکی مۆدێرن و شەفاف و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی کە ئامانجی سەرەکی ئەم حکومەتەیە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/1/16