لەبارەی دەنگۆی نەناردنی مووچە لە لایەن به‌غداوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

دڵنیایی به‌ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ده‌درێت

دوای ئه‌وه‌ى جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق كرد کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت ئەندامێکی کوردی لیژنەی داراییش دەڵێ ئەو نووسراوە هیچ ئەنجامێکی نابێ و نایاساییە.

د. ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندام لە فراکسیۆنی پارتی بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند ، ئەو نووسراوەی کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە لەلایەن جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقەوە ئاراستە کراوە و ئەو کەسەش لە فراکسیۆنی ڕەوتی حیکمەیە و بابەتەکە سیاسییە و کاردانەوەی بەشدارینەکردنی پەرلەمانتارانی کوردە لە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق".

 راشیده‌گه‌ێنێت ، ئەو نووسراوە نایاساییە چونکە بەپێی یاسای کارگێریی دارایی و یاسای بودجە ئەگەر هاتوو ساڵێ نوێ هات و پڕۆژە یاسای بودجەش بڕیاری لێ نەدرابوو ئەوا دەبێت کار بە بودجەی کاتیی بکرێت ئەویش بریتییە لە یەک لەسەر دوانزەی ساڵی پێشتر کە دەکاتە ٢٠١٩، واتە ٢٠١٩ چۆن بووە دەبێت بەهەمان شێوە بێت و مانگانە عێراق ٤٥٣ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت".

د. ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق  دڵنیاییش ده‌داتە به‌فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ئەو نووسراوە هیچ ئەنجامێکی نابێت و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە بەردەوام دەبێت.