سەرۆک وەزیرانی رووسیا دەستی لەکارکێشایەوە 

دیمیتری مێدڤێدیڤ لە ساڵی 2012ـەوە سەرۆک وەزیرانی رووسیایە

دیمیتری مێدڤێدیڤ، سەرۆک وەزیرانی رووسیا دەستی لەکارکێشایەوە و ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی ئەو وڵاتەش داوای لێکردووە لە سەرۆکایەتی حکومەتی کاربەڕێکەر بەردەوام بێت تاوەکو حکومەتی داهاتوو پێک دەهێندرێت.

بەپێی میدیاکانی رووسیا، پووتین سوپاسی کارەکانی سەرۆک وەزیرانی کردووە، بەڵام ئەوەیشی گوتووە هەموو ئەو ئامانجانەی بەدینەهێناوە کە بۆی دانراوە. 

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت پارێزگارەکانی وڵاتەکەی رۆڵێکی زیاتریان لە رۆڵی ئێستایان هەبێت.

دەستلەکارکێشانەوەکە سەرۆک وەزیرانی رووسیا دوای گوتاری ساڵانەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دێت کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو و تێیدا داوای گۆڕانکاری لە دەستووری وڵاتەکەدا کرد تاوەکو دەسەڵاتی زیاتر بە سەرۆک وەزیران و کابینەکەی بدرێت. 

دیمیتری مێدڤێدیڤ، بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی پووتین دادەنرێت و لە ساڵی 2012ـەوە سەرۆک وەزیرانی رووسیایە. لە ساڵی 2008 تاوەکو 2012 سەرۆکی رووسیا بوو.