د.بەشیر حەداد: پێویستە لە دابەشکردنی ئەو 2 هەزار و 841 پلە دامەزراندنەی پەروەردەی کەرکووک، هاوسەنگی رابگیرێت

لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر کەشوهەوایەکی نالەبار لە كه‌ركووك دروست بووە


جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: لەپاش رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر کەشوهەوایەکی نالەبار لەو شارەدا دروست بووە ، بەڵام وردە وردە خەریکە ئەو کەشوهەوایە دەگەرێتەوە باری ئاسایی خۆی و ئەوەندەی پێیان بکرێت رێگری لەو نادادپەروەرییە دەکەن.

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 20201/14 هەریەک لە بەڕێوەربەری گشتی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکووکیان بانگهێشتی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە بۆ ئەوەی روونکردنەوەیان لەسەر ئەو میکانیزمی دامەزراندنەی کە لە دامەزراندنی پلە وەزیفیەکانی ئەمساڵ گرتوویانە بەر پێ بدەن.

دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەدا کە، دوای ئەوەی گلەیی و گازندەی خەڵکی کەرکووکیان لە بارەی دابەشکردنی پلەی دامەزراندنی وەزارەتی پەروەردە لەو شارە پێگەیشت، ئەندامانی کەرکووکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی ئەو شارەیان کردوەو بۆیان دەرکەوت کە نادادپەروەرییەک لە دانانی ئەو پلە دامەزراندنانە هەیە کە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکووک هەبووە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛”ئێمە داوامان کرد لەسەرە ئەو بابەتە هەریەک لە وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکووک بێنە لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تاوەکو روونکردنەوەمان لەسەر ئەو بابەتە پێ بدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە وەزیری پەروەردە لە مۆڵەتدایە، خۆی ئامادە نەبوو و بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکووک ئامادەبوون و لەگەڵیان کۆبووینەوە.”

دکتۆر بەشیر حەداد کە خۆی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کردووە ئاماژەی بەوەدا، داوایان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و ئەو 2 هەزارو 841 پلە دامەزراندنەی کە بۆ پەروەردەی کەرکووک دانراوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەهاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکان بەپێی قەبارەی خۆیان دابەش بکرێت و ئەو خشتەی دامەزراندنەی کە دانراوە و پێویستە رابگیرێت و دووبارە پێکهاتەکان لەسەر رێژەیەک رێکبکەون بۆ ئەوەی هاوسەنگیەک لەو دامەزراندنەدا دروست بێت پاشان دەست بە دامەزراندن بکرێتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند، دەستیان کردوەوە بە لێکۆڵینەوە لە بابەتی دامەزراندن لە پارێزگای کەرکووک، چونکە کەرکووک تایبەتمەندی خۆی هەیە بەهۆی ئەوەی چەندین پێکهاتەی جیاوازی تێدا دەژیت، ئەوەش وادەکات کە لەهەموو دامەزراندنەکان لە وەزارەت و دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکومەت پێویستی بە هاوسەنگی هەبێت.

بەگوتەی دکتۆر بەشیر حەداد، لەپاش رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر کەشوهەوایەکی نالەبار لەو شارەدا دروست بووە ، بەڵام وردە وردە خەریکە ئەو کەشوهەوایە دەگەرێتەوە باری ئاسایی خۆی و ئەوەندەی پێیان بکرێت رێگری لەو نادادپەروەرییە دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی کورد و تورکمان و کریستیان و عەرەبیش نادادپەروەریان بەرامبەر نەکرێت و گوتیشی"پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کەرکووک لای ئێمە زۆر گرنگە، لە بەر ئەوە کەرکووک یەکێکە لەو شارانەی کە ئاسایشی ئەو شارە کاریگەرە لەسەر ئاسایشی عێراق و تێکچوونی ئەو ئاسایشەش کار لەسەر تێکچونی ئاسایشی عێراق دەکات.”