حكومه‌تی عێراق: پابه‌ندین به‌ بڕیاره‌كه‌ى په‌رله‌مان بۆ ده‌ركردنى هێزى بیانى

عێراق: هیچ رێكکه‌وتنێكی نوێمان له‌گه‌ل ئه‌مریكادا نیه‌

وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، وڵاته‌كه‌ی له‌ئێستادا هیچ رێكکه‌وتنێكی نوێ بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی داعش له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا واژۆ ناكات، دەشڵێت، حكومه‌ت پابه‌نده‌ به‌جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان بۆ به‌جێهێشتنی خاكی عێراق له‌لایه‌ن هێزی سه‌رجه‌م وڵاتانی بیانی.

سه‌عد حه‌دیسی، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق به‌ كه‌نالى "سى ئن ئن"ى راگه‌یاندوه‌" تا ئێستا حكومه‌ت پابه‌نده‌ به‌جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان بۆ به‌جێهێشتنی خاكی عێراق له‌لایه‌ن هێزی سه‌رجه‌م وڵاتانی بیانی، ئه‌و هێزانه‌ش ته‌نها ئه‌مریكا ناگرێته‌وه‌ به‌ڵكو هێزی سه‌رجه‌م وڵاتان ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا ئاماده‌ییان له‌عێراقدا هه‌یه‌". 

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ رێكکه‌وتنێكی نوێ له‌نێوان ئیداره‌ی ئه‌مریكاو حكومه‌تی عێراق نیه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ عێراق، به‌ڵكو رێگه‌ی راست جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانه‌ له‌ئێستادا. 

پێنجی ئه‌م مانگه‌، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبونی  168 پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی شیعەکان و بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و زۆرینەی پەرلەمانتارانی سونە یاسای دەركردنی هێزە بیانیەكانی لەعێراق پەسەندكرد.