هاتوچۆ هۆشدارییه‌كی به‌ په‌له‌ ئاراسته‌ی شوفێران و هاووڵاتیان ده‌كات

لە چەند رێگەیەک گرفتی هاتووچۆ درووست بووە


بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە چەند رێگەیەک گرفتی هاتووچۆ درووست بووە. تیمەکانی شارەوانی لایەنی پەیوەندیدار لە هەوڵی پاککردنەوەی رێگا و بانەکاندان.

بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆرو دابەزینی پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفر، چەند رێگەیەك لەسنووری پارێزگای هەولێر داخران، هاتوچۆی ئەو پارێزگایەش داوا لە هاووڵاتیان دەكات بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت، هاتوچۆ بەم رێگایانە نەكەن.

لە ئاگادارییەكدا كە ئەمڕۆ 13-1-2020، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر بڵاویكردۆتەوە، تیایدا هاتووە  ئاگاداری شوفێران و هاووڵاتیان دەكەینەوە، بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆر و دابەزینی پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفر، سەرجەم رێگایەكانی دەربەند سەفین هیران و هیران شەقڵاوە و زینەتیر رانیە شەقڵاوە، لەكاتی ئێستا گیراون و شیاو نین بۆ هاتووچۆ، ئەگەری هەیە لە كاتژمێرەكانی داهاتوو، رێگای هەولێر شەقڵاوەش ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ دروست بێت.

هاتوچۆی هەولێر داواشی لە هاوڵاتیان كردووە لەحاڵەتی زۆر پێویست نەبێت، نەچنە ئەم رێگایانە، تاكو بەفربارینەكە دەوەستێت و رێگاكان پاك دەكرێنەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا قائیمقمییەتی قەزای دوکان ئاماژەی بەوەکردووە بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفرەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و سنووری قەزای دوکانیش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی وەک ناوچەیەکی شاخاوی بەفرێکی زۆری لێ باریوە و لە رێگاکانی قەرەسرد، دابان، فریاد و کەلکەسماق، گرفتی هاتووچۆ درووست بووە و لایەنی پەیوەندیدار هۆشدری دەداتە شۆفێران ئەو رێگایانە بەکار نەهێنن و هاووڵاتیانیش روو لەو ناوچانە نەکەن تا تووشی رووداوی نەخوازراو نەبن.

هاوکاتقائیمقمییەتی قەزای دوکان دەشڵێت: تیمەکانی شارەوانی و لایەنی پەیوەندیدار لە سەرجەم ناوچه‌كانی ناوه‌ندی قەزای دوکان چوونەتە ئەو رێگایانە و لە هەوڵی پاککردنەوەیدان.

ڕاشیگەیاند:  لە رێگەی خەلەکان - رانییەش لە ناوچەی شێخ عبێد گرفتی هاتووچۆ هەیە و تیمەکانی ناحییەکە بەردەوام سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەکەن.