خوێندنه‌وه‌ی دووه‌مى پڕۆژه‌یاسای چاكسازی به‌رده‌وامه‌

پڕۆژه‌یاسای چاكسازی ماده‌كانی پێنجه‌م و شه‌شه‌م

دوێنێ یه‌كشه‌مه‌‌ به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ (13)ی ئاسایی خولی پایزه‌ له ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

له‌به‌شى یه‌كه‌می دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌ماندا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌یاسای چاكسازی ماده‌كانی پێنجه‌م و شه‌شه‌مى پڕۆژه‌یاساكه‌ كه‌تایبه‌ت بوون به‌ ده‌رماڵه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ى هه‌ژماركردنی خزمه‌ت گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا.

كاتژمێر 10:30ی به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌‌ 13/1/2020، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌شی یه‌كه‌می دانیشتنی ژماره‌ (14)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ بریتی بوو له‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای (چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر) به‌پێی حوكمی ماده‌كانی ( 87، 88،89، 92) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق.

سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیرانى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان و دارایی و سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئاماده‌ی بوون، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌‌وه‌ كه‌ بریتى بوو له‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای (چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر) به‌پێی حوكمی ماده‌كانی ( 87 ، 88 ،89 ، 92) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق.

هه‌روه‌ها سكرتێری په‌رله‌مان پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێنده‌وه‌‌.
پاشان به‌پێی خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ ماده‌كانی پێنجه‌م و شه‌شه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ڕێكخستنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ده‌رماڵه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی هه‌ژمارى خزمه‌ت و پێداچوونه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ى پله‌و ناوونیشان و مووچه‌ی وه‌زیفیى سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران به‌پێی یاساو په‌یڕه‌و و رێنماییه‌ كارپێكراوه‌كان، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو چه‌ندین سه‌رنج و تێبێنی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ماده‌كه‌ خرانه‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی ستافى حكومه‌ت كرد بۆ به‌رچاووڕوونیی زیاترو ره‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ترس و گومانانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییان و چین و توێژه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر ماده‌و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ هه‌ن و ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ دوای روونكردنه‌وه‌ى زیاترو خستنه‌ڕووی ئامانجى سه‌ره‌كیی داڕشتنی ئه‌و مادانه‌ بۆ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، دڵنیایی ته‌واویان به‌ئه‌ندامان و هاووڵاتییاندا كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاریى ده‌رماڵه‌كان ناكرێت، به‌ڵكو مه‌به‌ست لێی رێكخستنه‌وه‌یانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و هه‌روه‌ها پێداچوونه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ى پله‌و ناوونیشان و مووچه‌ی وه‌زیفیى سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانه‌ به‌پێی یاساو په‌یڕه‌و و رێنماییه‌ كارپێكراوه‌كان.

به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌ڵپه‌ساردو رایگه‌یاند: كاتژمێر 3ى پاشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دانیشتنه‌كه‌ ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌.