لە سەرەتای مانگی 10ی ساڵی پار تائێستا، 669 خۆپیشاندەر كوژراون

ژمارەی بریندارەكانیش بۆ 25 هەزار


لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكانی عیراق، لە سەرەتای مانگی 10ی ساڵی پار تائێستا، 669 خۆپیشاندەر كوژراون.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی كە ئەمڕۆ 13-1-2020، لەلایەن سەنتەری تۆماركردنی تاوانەكانی جەنگ لە عێراق بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی كوژراوەكان لە خۆپیشاندانەكاندا گەیشتۆتە 669 كەس و ژمارەی بریندارەكانیش بۆ 25 هەزار ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

هەر بە گوێرەی ئامارەكە، تائێستا 25 هەزار خۆپیشاندەر بریندار بوون و ژمارەی دەستگیركراوانیش گەیشتووەتە 2800 كەس.

لە دوێنێ‌ یەك شەممەوە، تا ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ ئاستی خۆپیشاندانەكانی عێراق لە دژی حكومەت لە نەجەف و زیقار و واست و پارێزگاكانی تر، هەڵكشانیان بەخۆوەبینی.

بەپێی سەرچاوەكان، لە خۆپیشاندانەكەی دوێنێی بەردەم زانكۆی كوت، كە پێكداهەڵپژانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی بەخۆوەبینی، دەیان كەس برینداربوون و زانكۆكەش دەرگاكانی داخست و خوێندنی ڕاگرت.

بۆ 10 ڕۆژ دەچێت لەلایەن چالاكوانان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بانگەواز بۆ دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان دەكرێت، كە نزیكەی سێ‌ مانگ لەمەوبەر لە 1ی تشرینی یەكەمی ڕابردوودا دەستییان پێكرد.