كارگه‌یه‌كی دروستكردنی مادده‌ كیمیاییه‌كان ته‌قیيه‌وه‌ و 8 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌ند مادده‌یه‌كی كیمیایی ڕوویداوه‌


 
كارگه‌یه‌كی درووستكردنی مادده‌ كیمیاییه‌كان له‌ هیندستان ته‌قیه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌شت كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا. 

پێگه‌ی ئیندیا توده‌ی بڵاوی كرده‌وه‌ و كه‌ دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو كارگه‌یه‌كی درووستكردنی مادده‌ كیمیاییه‌كان له‌ ناوچه‌ی بویساری ویلایه‌تی ماهاراشترا له‌ رۆژئاوای هیندستان ته‌قیوه‌ته‌وه‌. 

پێگه‌ی ئیندیا توده‌ی ڕاشیگه‌یاند كه‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌ند مادده‌یه‌كی كیمیایی ڕوویداوه‌ و به‌پێی وته‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ش ده‌نگی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ زۆر به‌هێز بووه‌ و له‌ دووری پازده‌ كیلۆمه‌تر بیستراوه‌.

 سه‌رچاوه‌كه‌ ڕاشیگه‌یاند كه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و كارگه‌یه‌ی درووستكردنی مادده‌ كیمیاییه‌كان هه‌شت كه‌س له‌ كارمه‌ندانی كارگه‌كه‌ گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و زیانیش به‌ خانووه‌كانی نزیك كارگه‌كه‌ گه‌یشتووه‌.