جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان داوای پاره‌ی گه‌نمه‌كانیان له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێڕاق ده‌كه‌ن

داوای پاره‌ی ساڵانی ( 2014 ، 2015 ، 2016 )

ژماره‌یه‌ك له‌ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ساڵانی ( 2014 ، 2015 ، 2016 ) گه‌نمیان ڕاده‌ستی حكومه‌تی عێڕاق كردووه‌ و تاوه‌كو ئێستاش پاره‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه‌،له‌به‌رده‌م فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا، سه‌رباری چه‌ندین جار گردبوونه‌وه‌ و داواكاری بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره‌كانیان ئێستاش به‌رده‌وامن له‌ داواكارییه‌كانیان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره‌كانیان كه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێڕاقه‌وه‌ بۆیان خه‌رج نه‌كراوه‌. له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ جووتیاران داوا له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی كار به‌ڕێكه‌ری عێراق ده‌كه‌ن كه‌ پاره‌كانیان بۆ خه‌رج بكات كه‌ سالانی ڕابردوو بۆیان خه‌رج نه‌كراوه‌. جه‌میل عه‌لی، ڕێكخه‌ری گردووبه‌نه‌وه‌كه‌ كه‌ خۆشی جووتیاره‌ به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: چه‌ند ساڵێكه‌ ئێمه‌ داوای مافی خۆمان ده‌كه‌ین به‌ڵام به‌رپرسانی عێڕاق مافه‌كانمان ناده‌نه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌مڕۆ هاتووین داوا له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی بكه‌ین كه‌ پاره‌ی گه‌نمی ساڵانی ( 2014 ، 2015 ، 2016 ) بۆ خه‌رج بكه‌ن ئه‌وه‌ مافێكی یاسایی خۆمانه‌. جه‌میل عه‌لی، ڕاشیگه‌یاند: هه‌رجووتیارێك ساڵانه‌ پاره‌یه‌كی زۆر خه‌رج ده‌كات تا به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌دورێته‌وه‌ ئێستا پاره‌ی سێ ساڵمان وه‌رنه‌گرتووه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ زۆربه‌ری جووتیاران قه‌رزدار بن هه‌یه‌ ئۆتۆمبێلی فرۆشتووه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ كاری جووتیارای به‌رده‌وام بێت.