سوپای پاسداران: تاران مه‌به‌ستی نه‌بوو سه‌ربازانی سوپای ئه‌مه‌ریكا بكوژێت

هیچ شتێك قه‌ره‌بووی تیرۆركردنی سوله‌یمانی ناكاته‌وه‌

فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای پاسدارانی ئێران ده‌ڵێت: تاران مه‌به‌ستی نه‌بوو سه‌ربازانی سوپای ئه‌مه‌ریكا بكوژێت، ئێران مووشەکبارانی دوو بنکەی ئەمەریکای کرد لە ناو خاکی عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی کانوونی دووەم، ئەمیر عەلی حاجی زاد، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند: لێدانە مووشەکییەکان بۆ سەر یەکێک لە گرنگترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەستپێکی پرۆسەیەکی گەورە بوو کە لە تەواوی ناوچەکە بەردەوامی دەبێت.

حاجی زادە ئەوەشی زیاد کرد: ئێمە بەدوای کوشتنەوە نەبووین بەڵکو بەدوای لێدانی ئامێرە سەربازییەکانی دوژمنەوە بووین.

ئاماژەی به‌وه‌دا: خوێنی شەهیدەکانمان بەهای زۆر گەورەی هەیە کە ناتوانین بەوەندە رازی بین، بۆ خوێنی شەهیدەکانمان؛ لێدان لە بنکە سەربازییەکان یان خستنەخوارەوەی فڕۆکەکانیان هەتا کوشتنی دۆناڵد ترەمپیش بەهای خوێنی شەهیدەکانمانی نییە، بەهای خوێنی شەهیدەکانمان چوونە دەرەوەی تەواوی ئەمریکایە لە ناوچەکە.

ئەو فەرماندەیە لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت: ئێمە لە بەرامبەر ئەمریکاییەکان بووین کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە هیچ گوللەیەک بەرەو رووی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا نەبووەتەوە، بێگومان هێرشەکانی داهاتوومان قورستر دەبێت.

ئەمیر عەلی حاجی زادە گوتیشی: ئێمە 13 مووشەکمان بەرەو بنکە سەربازییەکانی عێراق هاویشت، بەڵام چەند سەد مووشەکمان ئامادە کردبوو بۆ تەقاندن.

حاجی زادە گوتیشی: ئێمە بە دوای کوشتنی کەسەوە نەبووین ئەگەر چی بە دڵنیاییەوە دەیان کەس کوژراون و بریندار بوون، بەڵام دەمانتوانی لەم چالاکییەدا لە هەنگاوی یەکەمدا 500 کەس بکوژین و ئەگەر وەڵامیان بدایەتەوە لە هەنگاوی دووەم و سێیەم 4 تا 5 هەزار کەسیان دەکوژرا.