ڕێز له‌سه‌دساڵه‌ی له‌دایكبوونی دڵزاری شاعیر نرا

له‌ 8ی كانوونی دووه‌می 1920 له‌شارۆكه‌ی كۆیه‌ له‌دایك بووه‌

ئه‌مڕۆ، له‌ هۆڵی "هۆتێل شیراتۆن" له‌ هه‌ولێر، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان ڕێز له‌ سه‌دساڵه‌ی له‌ دایكبوونی دڵزاری شاعیر نا.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا، كه‌ له‌ژێر ناونیشانی "گوڵزاێك له‌ وشه‌"یه‌، چه‌ندین چالاكی پێشكه‌ش كران، له‌وانه‌؛ پێشكه‌شكردنی وتاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان و، یه‌كێتی نوسه‌ران و، كورته‌ فیلمی سه‌دساڵی ته‌مه‌ن تایبه‌ت به‌ ژیانی شاعیر په‌خش كرا، كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی دڵزاری شاعیریش پێشكه‌شی میوان و ئاماده‌بووانی ده‌كرێت.

د. سالار عوسمان، بریكاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی مه‌راسیمه‌كه‌وه‌. ڕاگه‌یاند؛ ته‌مه‌نی سه‌دساڵه‌ی دڵزار، جێگای هه‌ڵوه‌سته‌ و ته‌قدیر و پێزانینه‌. ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیه‌ی، پێمان باشبوو، له‌ یادی سه‌دساڵه‌ی دڵزاردا كه‌ ده‌كاته‌ ٨ی مانگی یه‌ك، ڕێزلێنانی بۆ بكه‌ین و، جارێكی دیكه‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی چاپ بكه‌ینه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ چالاكییه‌كانی ئه‌و مه‌راسیمه‌، ڕایگه‌یاند؛ كۆمه‌ڵێك بڕگه‌ و بابه‌ت له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا هه‌بوو، وه‌ك؛ فیلمی دیكۆمێنتاری، وتار، قسه‌كردن له‌باره‌ی دلزار و ئه‌ده‌بییات، له‌ باره‌ی دڵزار و سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تر، باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌وان به‌ شیوه‌ی (سی دی) ئه‌و شیعرانه‌ی دڵزاریان تۆمار كردووه‌ كه‌ كراون به‌ گۆرانی و پێشكه‌شی میوانانی مه‌راسیمه‌كه‌كران..

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجیان له‌م مه‌راسیمه‌، د. سالار، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو؛ ئه‌م مه‌راسیمه‌، بریتییه‌ له‌؛ ماناكانی ڕێزگرتن له‌ تێكۆشه‌ر و شاعیرانی كوردستان. گوتی: وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ده‌یه‌وێت ڕێز له‌ قه‌له‌مه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی وڵات بگرێت، كه‌ دڵزار یه‌كێكه‌ له‌ قه‌ڵه‌مه‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانی تێكۆشان له‌ كوردستان. ئامانجێكی تر له‌م جۆره‌ مه‌راسیمانه‌، ئه‌وه‌یه‌ بتوانین جیلی نوێ ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ مێژو، جیلی ئیستا ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ خه‌باتی دوێنی و تێكۆشان و شیعری سیاسی و ئه‌ده‌بی به‌رگری. بۆ ئه‌وه‌ی، به‌ نه‌وه‌ی تازه‌ بڵێین؛ دوێنێیه‌ك هه‌بووه‌، پڕ له‌ تێكۆشان و، پێویسته‌ بیپارێزین.

 شایانی باسه‌ دڵزاری شاعیر، ناوی ته‌واوی "ئه‌حمه‌د كوڕی مسته‌فا كوڕی محه‌مه‌د ئاغای حه‌وێزی"ـه‌ و له‌ ساڵی له‌ 8ی كانوونی دووه‌می 1920 له‌شارۆكه‌ی كۆیه‌ له‌دایك بووه‌. دڵزاری شاعیر، له‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ ده‌ستی به‌ نوسینی شیعر كردووه‌ و به‌شداری كارای له‌ خه‌باتی سیاسی كوردستان هه‌بووه‌ و، زیاتر له‌ 15 ساڵی ته‌مه‌نی له‌ دووری خێزانه‌كه‌ی به‌سه‌ر بردووه‌. له‌ ئیستا ٩٩ ساڵه‌ی ته‌مه‌نی به‌سه‌ر ده‌بات و خۆشبه‌ختانه‌ بارودۆخی ته‌ندروستی جێگیره‌ و به‌ گوته‌ی خانه‌واده‌كه‌شی، یاده‌وه‌رییه‌كانی ته‌مه‌نی خۆی به‌ته‌واوی بیرماوه‌ و توانانی باسكردنی بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌/  هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران

Ktv