ته‌نز له‌ ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا، سه‌لام عه‌بدوڵڵا وه‌ك نموونه‌

كتێبی ته‌قه‌ی خۆشی ڕامه‌گرن ڕه‌خنه‌گرتنه‌ له‌ دیارده‌ باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌

ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌ده‌بی ئێمه‌ نوێیه‌، نووسه‌رانی كورد یان نه‌یانتوانیوه‌ له‌و فۆڕمه‌دا قاڵببنه‌وه‌، یاخود ئه‌م جۆره‌ ژانه‌ره‌ گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی پێنه‌دراوه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا، له‌كاتێك له‌ ئه‌ده‌بی جیهان، به‌ گرنگییه‌كی زۆره‌وه‌ لێیانڕوانیوه‌.

 ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی خێراش له‌ فه‌رهه‌نگی كوردی بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین هه‌ریه‌كه‌ له‌ ( هه‌جوو، هه‌زل، مه‌ته‌ڵ، له‌تیفه‌، فوكاهه‌، موتایبه‌، لۆده‌گی ) له‌ فه‌رهه‌نگمان ده‌بیندرێن، كه‌چی ته‌نز وه‌ك پێویست له‌ ئه‌ده‌بمان ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌. به‌راورد به‌ ئه‌ده‌بی كوردیش له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مه‌ریكا بۆكۆڤسكی توانی له‌ رێگه‌ی چیڕۆك و ڕۆمانه‌ ته‌نز ئامێزه‌كانیه‌وه‌ به‌ ئاشكرا ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و باری ڕامیاری و ته‌نانه‌ت ئابووری وڵاتیش بگرێت، كتێبی كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكی قاحپه‌ی 135 كیلۆیی و ڕۆمانی بازاڕی باشترین دوو نموونه‌ن. له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ورووپا له‌و ڕوانگه‌ و له‌م ئه‌ده‌به‌وه‌ ڕووسه‌كان خاوه‌نی دۆستۆڤسكی و ئه‌نتۆن چیخۆفن، له‌ ئیتاڵیاش مۆراڤیا و له‌ توركیاش عه‌زیز نه‌سین. هه‌ریه‌ك له‌و نووسه‌رانه‌ توانیان له‌ ڕێگه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وده‌م بخه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. ئاخر هه‌ریه‌ك له‌و نووسه‌رانه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌رهه‌می ساتیر یان ته‌نز ئامێزه‌كانیان توانیان دوو مه‌به‌ست بپێكن.

یه‌كه‌م/ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ نابوتی و ناشیرینییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و بواره‌ فه‌رهه‌نگی و كولتووری و ڕامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌وده‌م.

دووه‌م/ به‌ نووسینی ئه‌و شێوه‌ به‌رهه‌مه‌یان كه‌لێنی ئه‌ده‌ب و كتێبخانه‌كانیان له‌و ژانه‌ره‌ پڕكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ مێژووی ئه‌ده‌بیان باشترین سه‌رچاوه‌ ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌ده‌بی ئێمه‌ وێڕای كه‌مبوون و زۆرجاریش نه‌بوونی ئه‌م جۆره‌ ژانه‌ره‌، كاتێك نووسه‌رێك ده‌ستده‌داته‌ وه‌ها ژانه‌رێك، لێكۆڵیارانی كورد وه‌ك پێویست پێشوازی لێناكه‌ن، یاخود وه‌ك هه‌ر به‌رهه‌مێكی دی په‌راوێز ده‌خرێت و ده‌كرێته‌ پشتی كتێبخانه‌كانه‌وه‌. ئه‌م حاڵه‌ته‌یه‌ هه‌م كه‌لێن بۆ ئه‌ده‌ب و كتێبخانه‌كانمان دروست ده‌كات و هه‌میش نووسه‌ر حه‌وسه‌ڵه‌ی جارێكی تری ئه‌و ژانه‌ره‌ی نییه‌. وه‌ك ڕۆلان بارت ده‌یگوت: (ئه‌مه‌ مردنی نووسه‌ری ڕاسته‌قینه‌یه‌).

ئه‌ده‌بی ته‌نز ئامێز یان ساتیر، له‌ شێوه‌ گشتییه‌كه‌یدا ڕه‌خنه‌گرتن یان تایبه‌ت به‌ ده‌ربڕینی ماناگه‌لی توندوتیژی كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕامیاری، ئایینی، كولتووری، فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری…هتد ) كه‌ به‌شێوه‌ی ژانه‌ری شیعر، چیڕۆك، ڕۆمان ده‌نووسرێت.

ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ زه‌مینه‌سازییه‌ك بوو بۆ قسه‌كانم، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ باسیبكه‌م هه‌وڵێكی جیدی سه‌لام عه‌بدوڵڵای نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسه‌، كه‌ له‌ دووتوێی كتێبێكی 349 لاپه‌ڕه‌دا به‌ناوی (ته‌قه‌ی خۆشی ڕامه‌گرن) به‌ چاپی گه‌یاندووه‌، كه‌ هه‌ندێ له‌ كورته‌ چیڕۆكه‌كانی ناو ئه‌م كتێبه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵانی هه‌شتاكان و هه‌ندێكی تری چیڕۆكه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی دووهه‌زار و له‌ كتێبێكدا به‌ناوی (ته‌قریرستان) ده‌زگای چاپی موكریان بۆی چاپ و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌م كۆ كورته‌ چیڕۆكه‌ ته‌نز ئامێزه‌ی سه‌لام عه‌بدوڵڵا، هه‌وڵێكی نوێیه‌ بۆ ئه‌ده‌بمان و پڕكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و كه‌لێنه‌ گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بمان، كه‌ له‌لایه‌ن نووسه‌رانی كورده‌وه‌ په‌راوێزخراوه‌ یاخود كه‌مترین كار له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ فۆڕمه‌ كراوه‌.

به‌ گشتی كتێبی ته‌قه‌ی خۆشی ڕامه‌گرن ڕه‌خنه‌گرتنه‌ له‌ دیارده‌ باوه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌، به‌ تایبه‌ت ڕه‌خنه‌گرتن له‌ دیارده‌كانی (ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هه‌ژموونی حزبی، روانگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕامیاری، ئایینی، بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌ و كار و لایه‌نی ئایینی ) چه‌ندین بابه‌تی تر.

ئه‌م كتێبه‌ چاپی یه‌كه‌میه‌تی و ساڵی 2019 به‌ تیراژی 1000 دانه‌ی لێ جاپكراوه‌ و له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كتێبخانه‌كان ژماره‌ سپاردنی (908 )ی پێدراوه‌.

ن/ دانا كه‌مال

كوردستان تیڤی/ كامران

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ

COVID-19
تووشبوون
1,468,838
گیانله‌ده‌ستدان
85,445
چاکبوونەوە
316,482
تووشبووان
309
گیانله‌ده‌ستدان
3
چاکبوونەوە
119
تووشبووان
1,202
گیانله‌ده‌ستدان
69
چاکبوونەوە
452