محەمەد حەلبوسی هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر خاكی عێراق ئیدانه‌ ده‌كات

داوای لەسەرجەم لایەنەكان كرد دان بەخۆیاندا بگرن


محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ چوارشەممە، داوای لە حكومەتی عێراق كرد رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری عێراق لە پێشیلكاریەكان و بەدوورگرتنی وڵات لە ناكۆكییەكان.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هاتووه‌، محەمەد حەلبوسی ڕایگەیاند لە كاتێكدا كە سەركۆنەی پێشێلكاری ئێران بۆ سەروەری عێراق لە بەرەبەیانی رۆژی 8 كانونی دووم دەكەین، تەئكید دەكەینەوە لەسەر ڕەتكردنەوەی تەواوەتی لایەنە ناكۆكەكان كە گۆڕەپانی عێراق بەكاربهێنن بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكانیان، لەم بارودۆخە ناهەموارەدا دووبارە بانگەوازی حكومەتی عێراق دەكەین كە رێوشوێنی سیاسی و یاسایی و ئەمنی پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەری عێراق لە هەر پێشێلكارییەك و بەدوورگرتنی عێراق لە ناكۆكیەكان و نەبێتە گۆڕەپانی یەكلایی كردنەوەی ناكۆكیەكان و جەنگ یان بوونی بە لایەنگری هەر لایەنێكی ناكۆكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داواشی لەسەرجەم لایەنەكان كرد دان بەخۆیاندا بگرن و حەكیمانە رەفتار بكەن و تەئكیدی كردەوە لەسەر گرنگی یەك هەڵوێستی نیشتمانی و هەماهەنگی هێزە كاریگەرە نیشتمانییەكان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەربەستەكان و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی وڵات و بەدورگرتنی گەلەكەمان لە نەهامەتییەكانی جەنگ.

شایه‌نی باسه‌ شەوی رابردوو كۆماری ئیسلامی ئێران بە 15 مووشەكی ئاراسته‌ی بنكەی سەربازی ئەمەریكا له‌ عێراق كرد.