به‌شار ئه‌سه‌د: گه‌لی سوریا پشتیوانیه‌كانی قاسم سوله‌یمانی له‌ بیر ناكات

به‌شار ئه‌سه‌د نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی سه‌ركرده‌كانی ئێران ده‌كات

 

به‌شار ئه‌سه‌د له‌دوای كوژرانی قاسم سلێمانی نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی سه‌ركرده‌كانی ئێران ده‌كات و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، گه‌لی سوریا پشتیوانیه‌كانی قاسم سوله‌یمانی بیرناچێته‌وه‌".

به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سوریا هاوخه‌می بۆ سه‌ركردایه‌تی و گه‌لی ئێران ده‌ربڕیوه‌ و سه‌باره‌ت به‌ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی ڕایگه‌یاندوه‌، گه‌لی سوریا هه‌رگیز ئه‌وه‌ی بیرناچێته‌وه‌ كه‌ قاسم سوله‌یمانی چۆن به‌رگری لێكردون و پاڵپشت و پشتیوانیان بووه‌.

جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌، كوشتنی قاسم سوله‌یمانی ده‌بێته‌ هۆی زیادكردنی گیانی به‌رگری خه‌ڵكی ئێران و زیاتر قوڵكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئێران له‌دژی پاوانخوازیه‌كانی ئه‌مریكا.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له‌ هێرشێكی موشه‌كی فرۆكه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر دوو ئۆتۆمبێل له‌ نزیك فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، هه‌ریه‌ك له‌ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی گشتی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و نۆ كه‌سی دیكه‌ كوژران.