له گوندێكی كوردستان نابینایه‌ك به‌هۆی مارهبهجاشهوه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ زیاتر له 250 ژن‌دا كردووه
له ڕاپۆرتێكی مه‌یدانیدا ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان تیشكی خسته سه‌ر نه‌ریتێكی ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه تا ئه‌م دواییانه‌ی سه‌ده‌ی نوێ به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بڵاو بوو ئه‌ویش پرۆسه‌ی مارهبهجاشه (نكاح المحلل) .
مام برایمی ته‌مه‌ن 67 ساڵان پیاوێكی نابینایه‌و نموونه‌ی ڕاپۆرتهمكهی ئێمه‌یه، ناوبراو له شاره‌دێیه‌كی كوردستان ده‌ژیت و به پێی قسه‌كانی خۆی بێت تا ئێستا زیاتر له 250 ژنی ته‌ڵاقدراوی به شێوه‌ی ماره به‌جاش لێمارهكراوه و ده‌ڵێت: من پیاوێكی به‌به‌ختم چونكه كۆمه‌ڵه ئافره‌تێكی زۆر خزمه‌تیان كردووم هه‌رچه‌ند ماوه‌ی مانه‌وه‌یان كه‌م بووه، به‌ڵام هه‌ر شتێ كه‌م بێت به‌تامتره.
ده‌شڵێت: مه‌لای ئاوایی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ی كه كردوومه منی به فریادڕه‌س داناوه و چه‌ندان جار ده‌ستی ماچ كردووم.
هه‌روه‌ها شه‌هێن كه ماره‌به‌جاشی پێكراوه ده‌ڵێت: به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌م له به‌رده‌مما نه‌بوو ناچار بووم قبووڵی ئه‌وه بكه‌م مارهبهجاشم پێبكرێت، من مه‌رگی خۆمم پێ خۆشتر بوو به‌ڵام من دایكم و ده‌ستی دایكایه‌تیم شكابوو له به‌ر منداڵه‌كانم قبوڵی ئه‌و سووكایه‌تیه گه‌وره‌م كرد تا بێ‌ناز نه‌بن.
حه‌مه‌د-یش كه هاوسه‌ری شه‌هێنه و به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌ڵاق به سه‌ر ده‌میدا هاتووه ماره‌به‌جاشی به ژنه‌كه‌ی كردووه ده‌ڵێت: من شه‌رمه‌زاری هاوسه‌ره‌كه‌م و خزم و كه‌س و كار بووم و هه‌میشه له دۆخێكی ده‌روونی خراپدام و زۆر په‌شیمانم له‌و كاره‌ی به‌رامبه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌م ئه‌نجامم داوه.
له‌م باره‌یه‌وه مامۆستایه‌كی زانكۆ و پرۆفیسۆر له كۆمه‌ڵناسی ده‌ڵێت: ماره‌به‌جاش قێزه‌ونترین نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تییه له به‌رگێكی ئایینی‌دا و جۆرێكه له تابۆیه‌كی ئایینی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌مه‌به‌ستی پیرۆزكردنی هاوسه‌رگیری و دووركه‌وتنه‌وه‌ی هاوسه‌ران له جیابوونه‌وه.
ده‌شڵێت: پیاوێك له ناچاری خێزانه‌كه‌ی خۆی له كه‌سێكی دیكه ماره بكات، ژنه مێردێكی دیكه بكا و دواتر ته‌ڵاقی بدات و دووباره بگه‌ڕێته‌وه و له پیاوه‌كه‌ی پێشووی ماره‌ی بكه‌نه‌وه.... ئه‌مه چ مهشههدێكه، چ دۆخێكی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی ناخهه‌ژێنه! ئه‌ی چی ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی ژنه‌كه‌ی لێ ماره ده‌كرێ، دواتر ئاماده نه‌بێ ژنه‌كه ته‌ڵاق بدات.... دوور مه‌چوو كاره‌ساتی گه‌وره به‌دوای خۆیدا بهێنێ.
مامۆستایه‌كی ئاینیش له باره‌ی ماره بهجاشهوه ده‌ڵێت: ماره به‌جاش شه‌رعی نییه و هه‌ر زه‌واجێك مه‌رجی تێدا بوو شه‌رعی نییه.
ده‌شڵێت: كۆمهڵێت مامۆستای ئایینی بۆ مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتی ماددی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، به‌ڵام من وه‌ك خۆم نه باوه‌ڕم پێی هه‌یه‌وه نه ده‌شیكه‌م.
ماره به جاش له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه:
له‌مباره‌یه‌وه دكتۆر جه‌لال ئه‌حمه‌د، دكتۆرا له كۆمه‌ڵناسی و مامۆستا له‌به‌شی كۆمه‌ڵناسی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌م شێوه‌یه باسی ماره به‌جاش ده‌كات: قێزه‌ونترین نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تییه له به‌رگێكی ئایینی‌دا و جۆرێكه له تابۆیه‌كی ئایینی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌مه‌به‌ستی پیرۆزكردنی هاوسه‌رگیری و دووركه‌وتنه‌وه‌ی هاوسه‌ران له جیابوونه‌وه...... به جۆرێك له جۆره‌كانیش سزادانی پیاوه له به‌رامبه‌ر بڕیارێك كه له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه خوازراو نییه، بۆیه جۆرێك نهێنی پارێزی تێدایه و ئه‌وانه‌ی دووچاری ئه‌و حاڵه‌ته ده‌بن و باوه‌ڕیان به‌وه‌ها چاره‌سه‌رێك هه‌یه، په‌نا بۆ كه‌سانێكی نه ناسراو و دوور له شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان ده‌به‌ن، یا كه‌سانێك له له‌ڕووی جه‌سته‌یی یا عه‌قڵییه‌وه كه‌موكوڕییان هه‌یه، یا كه‌سانێك كه جێی متمانه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ن و دڵنیان هاوسه‌ره‌كانیان به ساغ و سه‌لامه‌تی و به سانایی دهستدهكهوێتهوه.... به‌ڵام له ئێستا ده‌توانم بڵێم په‌نابردن بۆ ئه‌و نه‌ریته ڕووی له كه‌می كردووه و له دۆخی حاڵه‌تی شاز تێناپه‌ڕێ.
كاریگه‌ریی ئه‌م نه‌ریته به‌سه‌ر تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگاوه به‌پێی جۆری بیركردنه‌وه و ئاستی هۆشیاریی تاكه‌كان ده‌گۆڕێت.... هه‌م له‌ڕووی یاساییه‌وه هه‌ندێ ڕێگه چاره هه‌ن و ده‌توانن كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌م له‌ڕووی شه‌رعییه‌وه فتوای وا هه‌ن كه نه باوه‌ڕیان به‌و نه‌ریته هه‌یه نه بهڕهواشی ده‌زانن. بۆ نموونه بڕیاری كه‌سه‌كان له دۆخی ئاسایی زیاتر مایه‌ی پێداگیریی و جێبه‌جێكردنه، نه‌ك له دۆخێكی شڵه‌ژاو و هه‌ڵچوو توڕه‌ییدا... زۆر جار وا ڕووی داوا مامۆستایه‌كی ئایینی به لێزانی شاره‌زایی، توانیویه‌تی ته‌ڵاقی دوو هاوسه‌ر بگه‌ڕێنێته‌وه دۆخی ئاسایی.
وای نابینم كه‌سانێك كه ده‌كه‌ونه وه‌ها دۆخێك و باوه‌ڕیان به‌وه هه‌بێت كه ماره‌به‌جاش چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یان بۆ ده‌كات، په‌یوه‌ندییه‌كانیان وه‌ك پێشووی ئاسایی بن كه خۆی ئاسایی نه‌بوون ده‌نا چۆن به‌وه‌ها حاڵه‌تێك ده‌گه‌یشتن. پیاوێك له ناچاری خێزانه‌كه‌ی خۆی له كه‌سێكی دیكه ماره بكات، ژنه مێردێكی دیكه بكا و دواتر ته‌ڵاقی بدات و دووباره بگه‌ڕێته‌وه و له پیاوه‌كه‌ی پێشووی ماره‌ی بكه‌نه‌وه.... ئه‌مه چ مهشههدێكه، چ دۆخێكی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی ناخهه‌ژێنه! ئه‌ی چی ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی ژنه‌كه‌ی لێ ماره ده‌كرێ، دواتر ئاماده نه‌بێ ژنه‌كه ته‌ڵاق بدات.... دوور مه‌چۆ كاره‌ساتی گه‌وره به‌دوای خۆیدا بهێنێ.
ئه‌م نه‌ریته سیمایه‌كی كۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌كانه، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی و بهندوبارهكانی، به‌پێی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگاكانی ئیسلامی ده‌گۆڕێت و كولتوور و دنیابینی تاكه‌كان و پێگه‌ی ژن و پیاو خزمایه‌تی و ته‌نانه‌ت مه‌زهه‌بی ئایینییش ڕۆڵی تێدا ده‌بنن. له كۆمه‌ڵگای كوردی و ته‌نانه‌ت باقی كۆمه‌ڵگاكانی دیكه‌ش، به نه‌ریتێكی نه‌خوازراو زانراوه، هه‌ربۆیه له گفتوگۆی كۆڕ و دانیشته‌كان، له ناوه‌ڕۆكی زۆرێك له نوكته و به‌سه‌رهاته‌كان و ته‌نانه‌ت چه‌ند فلمێكی سینه‌مایشدا وێنایه‌كی گاڵته‌جارانه‌ی به به‌ردا كراوه.
ده‌بێ به یاسا و گه‌ڵاڵه‌كردنی پڕۆژه یاسا و داماڵینی ئه‌و به‌رگ و وێنا ئایینییه‌ی به‌ریدا كراوه، فه‌زای پیادهكرنی ئه‌و نه‌ریته به‌ره‌و لاوازییه‌كی زۆر و ده‌گمه‌نی ببرێت..... ڕه‌نگه ئه‌م نه‌ریته ئه‌و سه‌رده‌مانه زیاتر كاریگه‌ر بووبێت كه ته‌ڵاقدان به عه‌یبه ده‌درایه قه‌ڵه‌م، به‌ڵام به‌رزی ڕێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران پێمان ده‌ڵێ، كه رۆژ دوای رۆژ جیابوونه‌وه به شتێكی ئاسایی و چاره‌سه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێن.... ماوه‌ته‌وه بڵێین، ئه‌و ژنه‌ی ماره به چاشی پێده‌كرێت، كه‌وتۆته ژێر بارێكی ناچاری و ههڵسوڕاندنێك له ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆی به كه‌م سه‌یركردنه‌وه.
ئایینی ئیسلام چۆن له پڕۆسه‌ی ماره به‌جاش ده‌ڕوانێ؟
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته مامۆستا مه‌لا عه‌لی عه‌بدوڵـلا ،پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگه‌وتی حاجی حسێن قه‌ساب له باره‌ی مارهبهجاشهوه له ڕووی دینه‌وه له لێدوانێكی تایبه‌تیدا بۆ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان گوتی: ماره به‌جاش شه‌رعی نییه و هه‌ر زه‌واجێك مه‌رجی تێدا بوو شه‌رعی نییه.
ماره‌به‌جاش ئه‌وه‌یه كه‌وا پیاوێك خێزانی خۆی سێبه‌سێ ته‌لاق ده‌دات به‌مه‌ش ته‌ڵاقه‌كه‌ی هیچ چاره‌یه‌كی نییه جگه له ماره‌به‌جاش، واته ته‌ڵاقه‌كه‌ی چاك نابێته‌وه هه‌تا شوو به پیاوێكی دیكه نه‌كات، به‌ڵام به‌بێ مه‌رج واته نابێ زه‌واجه‌كه‌ی مه‌رجی تیا بێت و ده‌بێت پیاوه‌كه به ئاره‌زووی خۆی ژنه‌كه ته‌ڵاق بدات یان ئه‌وه‌تا كۆچی دوایی بكات ئینجا هاوسه‌ری یه‌كه‌می ده‌توانێت ماره‌ی بكاته‌وه.
سه‌باره‌ت به ناوی ماره به‌جاش مامۆستا مه‌لا عه‌لی گوتی: ئه‌و ناوه كۆمه‌ڵگه لێی ناوه ئه‌گه‌رنا له ڕووه شه‌رعییه‌كه‌وه ئه‌و ناوه نییه، به‌ڵام وای بۆ ده‌چم له پێشاندا مامۆستایه‌كی ئاینی ئاگادار نه‌بوو له شه‌رع یان مامۆستایه‌كی نه‌شاره‌زا له شه‌رع بۆ ده‌ستكه‌وتی ماددی ئافره‌ته‌كه‌ی له كه‌رێك یا جاشكێك ماره كردبێ و ئه‌و ناوه‌ش له‌وه‌وه هاتبێت، به‌ڵام ئه‌ساسێكی دینی نییه.
هه‌روه‌ها ئه‌و مامۆستا ئاینییه گوتی: له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا پێشتر كاتێ پیاوێك سێ به سێ ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق ده‌دا، له جهرهیهك (گۆزه‌یه‌ك) ماره‌یان ده‌كرده‌وه، دواتر گۆزهكهیان به زه‌ویدا ده‌دا و ده‌یانگوت "مرد" دوای ئه‌وه ژنه‌كه‌یان له پیاوه‌كه ماره ده‌كرده‌وه و به‌مه‌ش ده‌یانگوت ته‌ڵاقه‌كه‌ی چاك بۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه حیله شه‌رعییه و ڕاست نییه و ناڕه‌وایه.
گوتیشی: به درێژایی مێژوو له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك مامۆستای ئایینی بۆ ده‌ستكه‌وتی ماددی، غه‌درێكی گه‌وره له‌باره‌ی ته‌ڵاقه‌وه له خێزانه‌كان كراوه ، له جیاتی ئه‌وه‌ی ڕێچاره بۆ كێشه‌كه‌یان بدۆنه‌وه له‌یه‌كیان جیاكردوونه‌ته‌وه.
گوتیشی ئایینی ئیسلام فره مه‌زهه‌به‌و ده‌توانرێت كێشه‌ی ته‌ڵاق له ڕێگه‌ی مه‌زهه‌به‌كانی دیكه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت و نه‌ك په‌نا ببرێته به‌ر لێكترازانی ته‌واوه‌تی ئه‌و خێزانه، یان ماره‌به‌جاش پێكردنی ئافره‌ته‌كه، چونكه دیسانه‌وه ئه‌وه‌ش زوڵمێكی گه‌وره‌یه به‌رامبه‌ر به ئه‌و ئافره‌ته ده‌كرێ كه ماره‌به‌جاشی پێده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتیشی: ئه‌خلاقی ئایینی و ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگا ماره‌به‌جاشی قبوڵ نییه و ئه‌و بابه‌ته هه‌ر وه‌ك وتمان بۆ ده‌ستكه‌وتی ماددی له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك مامۆستای كه‌م ئه‌زموون له دیندا به‌لاڕێدا براوه.
ده‌شڵێت: من وه‌ك خۆم نه بڕوام به ماره‌به‌جاش هه‌یه نه ده‌شیكه‌م و هیچ كاتێكیش له ماوه‌ی ئه‌و 20 ساڵه‌ی كه پێشنوێژ و وتار خوێن بووم، داوام لێنه‌كراوه به مه‌رجی ماره به‌جاش ئافره‌تێك له پیاوێك ماره بكه‌م.
گوتیشی: ئامۆژگاریم بۆ مامۆستایانی ئایینی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كاره نه‌كه‌ن به‌ڵكو به ڕێگه‌ی مه‌زهه‌به‌كانی دیكه‌وه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ته‌ڵاقی خێزانێك بكه‌ن،
ئه‌و مامۆستا ئاینییه ئامۆژگاری هاوسه‌ره‌كانیش ده‌كات كه نه‌چنه لای هه‌موو مامۆستایه‌كی ئایینی، به‌ڵكو بچنه لای ئه‌و مامۆستا ئایینیانه‌ی كه ئاسانكارن و حه‌زیان له ئاسانكارییه و شاره‌زای مه‌زهه‌به‌كانی دیكه‌ن و ڕێ چاره‌ی گونجاو ده‌دۆزنه‌وه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خێزان.
گه‌نجێكی نابینا به‌هۆی ماره بهجاشهوه به‌به‌خت ده‌بێت
مام برایم-ی ته‌مه‌ن 62 ساڵان له لێدوانێكی تایبه‌تیدا بۆ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان ڕایگه‌یاند: دایك و باوكم ئامۆزای یه‌كتری بوون و من و خوشكێكم دووانه‌ی یه‌كتر بووین و هه‌ردووكمان به نابینایی له دایك بووین، دایك‌و باوكم بۆ دكتۆر ده‌چنه به‌غدا تا چاره‌سه‌ری كوێری ئێمه بكه‌ن، به‌ڵام له به‌غدا دكتۆر پێیان ده‌ڵێت كه نابێت هیچ منداڵێكی دیكه بخه‌نه‌وه چونكه هه‌ر منداڵێكی ترتان ببێت وه‌ك ئه‌و دووانه‌یه نهقووستان ده‌بێت.
ته‌مه‌نی ئێمه بوو به 6 ساڵ و خوشكه‌كه‌م به نه‌خۆشی ئاوڵه مرد، من بووم به 12 ساڵاَن و باوكیشم له كێشه‌یه‌كی عه‌شایه‌ریدا كوژرا و ماڵی باپیریشم دوای ماوه‌یه‌ك دایكمیان برده‌وه لای خۆیان و پاشان به‌شوویان دایه‌وه، ڕۆژه سه‌خته‌كانی من له‌و كاته‌وه ده‌ستیپێكرد، چونكه كه‌س له‌ده‌ورو پشتم نه‌مایه‌وه جگه له پورێكی پیرم كه به ته‌نیا ده‌ژیا، منیان برده لای ئه‌و، پوورم زۆر بۆ من باش بوو تا باڵق بووم و خۆمم ناسی چاودێری باشی ده‌كردم و به‌رده‌وام به خه‌ممه‌وه بوو.
ڕۆژێك پوورم هات گوتی: برایم وه‌ره دانیشه ئیشم پێته، گوتم فه‌رموو، گوتى: برایم خزمێكی دوورمان لێی قه‌وماوه و هانایان بۆ ئێمه هێناوه تا به فریایان بكه‌وین، جا گرێ كوێره‌كه لای تۆ ده‌كرێته‌وه، گوتم :پورێ جا من كوێرم و چی له ده‌ستی من دێت تا بیكه‌م، گوتی: با له‌ده‌ستت دێت، ئه‌و خزمه‌مان ته‌ڵاقی به‌سه‌ر زاریدا هاتوون و مه‌لاش پێی گوتووه ته‌ڵاقت كه‌وتووه، جا ده‌بێ به ماره به‌جاش ماره‌ی بكاته‌وه چونكه كۆشهك منداڵی لێههنه و ناتوانێ ئه‌وان منداڵان به‌خێو بكات، گوتم: ئێ گوتی جا ڕۆڵه له به‌رامبه‌ردا پارهیهكیشمان ده‌ست ده‌كه‌وێت و بۆ خۆمان بۆ ئه‌و زستانه‌ی مه‌داری پێده‌كه‌ین، وه‌لله منیش ڕازی بووم و بۆ ئێواره‌كه ژنه‌كه‌یان هێناو لێیان ماره كردم و 3 شه‌و و ڕۆژ لام بوو دواتر پێیان تهڵاقدام و ژنه‌یان برده‌وه.
مام برایم له درێژه‌ی باسه‌كه‌دا گوتی: دوای ئه‌و كاته من ده‌ستم كرد به‌و كاره‌و تا ساڵێك به‌ر له ئێستاش ناوه ناوه له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ره‌وه ژنی ته‌ڵاقدراویان لێماره ده‌كردمه‌وه له به‌رامبه‌ر پاره‌دا.
مام برایم گوتی: تا ئێستا زیاتر له 250 ژنی ته‌ڵاقدراوم لێماره كراوه‌ته‌وه و به‌هۆیه‌وه ده‌ستكه‌وتێكی زۆریشم ده‌ستكه‌وتووه و له زۆربه‌ی شار و دێهاته‌كانی كوردستانه‌وه ژنیان بۆ هێناوم و هه‌ر ژنێكیش كه‌متر له 3 شه‌و و ڕۆژ له كنم نه‌بووه و دوای ئه‌و 3 ڕۆژه ته‌ڵاقم داونه‌ته‌وه.
گوتیشی: من پیاوێكی به‌به‌خت بووم و ئافره‌تی زۆر خزمه‌تیان كردووم و جێی گه‌رم و خواردنی به‌تامیان بۆ ئامادهكردووم هه‌رچه‌نده ماوه‌ی مانه‌وه‌یان كه‌م بووه لام، به‌ڵام هه‌ر شتێ تا كه‌م بێت تامی خۆشتره بۆیه قه‌ناعه‌تم به‌خۆم هێنابوو كه ئه‌وه قه‌ده‌ری منه و مه‌لای ئاواییش به‌رده‌وام پێی وتووم تۆ فریادڕه‌سی و ژیانی چه‌ندان خێزانت له ترازان ڕزگار كردووه هه‌ر بۆیه چه‌ندان جار ده‌ستی ماچ كردووم ، بۆیه زۆر قانع بووم و به باشیش مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ژنه‌كانم كردووه.
ده‌رباره‌ی ئه‌و گیر‌و گرفتانه‌ی هاتوونه‌ته پێش بۆی، مام برایم گوتی: نزیكه‌ی 27 ساڵ به‌ر له ئێستا ژنێكیان لێماره كردم كه تا ئێستاش داخباری ئه‌وه‌م كه ته‌ڵاقم دایه‌وه، چونكه زۆر نه‌رم و هێمن بوو زۆرتر له هه‌موو كه‌سێك گرنگی پێدام و هه‌ستم كرد مێرده‌كه‌ی زۆر خراپ بووه له‌گه‌ڵی، هه‌ر بۆیه كه‌منی بینی وا باش و جوان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م دڵی خۆی بۆ كردمه‌وه و پێی گوتم: تۆ من ته‌ڵاق مه‌ده من زۆر باش ده‌بم بۆت و ده‌بم به ژنی ڕاسته‌قینه‌ی تۆ، هه‌ر بۆیه دوای 3 ڕۆژ ماڵی مێرده‌كه‌ی هاتن و گوتیان ته‌ڵاقی بده ،گوتم :ته‌ڵاقی ناده‌م ئه‌گه‌ر بشمكوژن، ئیتر كێشه دروست بوو خه‌ڵكی هاتنه نێوانه‌وه و دوای 15 ڕۆژ به زه‌برو زۆرییهكی زۆر پێیان تهڵاقدام، به‌ڵام ئێستاش بیری لێده‌كه‌مه‌وه و خه‌م بۆ ژیانی ئه‌و ده‌خۆم.
مام برایم –ی قسه‌خۆش به‌ده‌م گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی ژیانی گوتی: پیاوی ئێمه قه‌دری ژن و ماڵی خۆیانیان لا نییه، ئه‌گه‌ر حورمه‌تی خێزانه‌كانیان لابوایه ته‌لاقیان نه‌ده‌دان، به‌ڵگه‌شم بۆ قسه‌كه‌م ژنێكه كه 3 جار له من ماره كراوه، مێردی ئه‌و ژنه قوماركه‌ر بوو، سێ جار بێ ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی لابێت له ناومهجلیسدا ته‌ڵاقی فڕێ دابوو، هه‌رسێك جاره‌كه‌ش هانای بۆ من هێنا و ژنه‌كه‌ی له من ماره ده‌كرد و پاشان له‌خۆی ماره ده‌كرده‌وه.
هه‌روه‌ها مام برایم گوتی : به‌سه‌رهاتی من دوور‌و درێژه و ته‌واو نابێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كوێرم و نابینام ، به‌ڵام به‌قه‌ده‌ر تووكی سه‌ری خۆم به‌سه‌رهاتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و جۆراو جۆرم هه‌یه.
گوتیشی: پار ساڵ هاوسه‌رگیری ڕاسته‌قینه‌م له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكدا كرد و ئێستاش ماوه‌ی ساڵێكه به‌یه‌كه‌وه‌ین و شادومانیشم كه له كۆتاییدا ژنێك بوو به هاوده‌می ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی كهماومه،
گوتیشی: له ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌شدا كه هاوسه‌ردارم جارێك ته‌كلیفێكی قورسم لێكرا كه ده‌بێ ژنێك ماره بكه‌م له‌خۆم تا خێزانێك ڕزگار بكه‌م، منیش ڕازی بووم و به دزی خێزانم له‌گه‌ڵیان چووم و ژنه‌كه‌یان لێمارهكردم و دوو شه‌و له ماڵی كابرا مامه‌وه، به‌ڵام ماڵی خێزانم پێیان زانی و زۆر ئه‌شكه‌نجه‌یان دام و ئیهانه‌یان كردم و سوێندیان پێخواردم كه نابێت ئیتر ئه‌و كاره بكه‌مه‌وه.
هه‌ر بۆیه دوای ژیانێكی دوور‌و درێژ‌و ناسینی چه‌ندان خێزان و هاوسه‌رگیری كردن له‌گه‌ڵ چه‌نده‌ها ئافره‌ت وازم هێناو ئێستاش له‌گه‌ڵ ئه‌ستی خێزانم سه‌رمان به‌یه‌كه‌وه ناوه و ژیانێكی باش ده‌ژین.
ئافره‌تێكی قوربانی .. ئێستاش كه بیر له‌و ساته‌وه‌خته ده‌كه‌مه‌وه جه‌سته‌م ده‌له‌رزێت
حه‌مه‌د و شههێَن دوو هاوسه‌رن كه قوربانی ماره بهجاشن و به‌م شێوه‌یه باس له چیرۆكی ژیانیان ده‌كه‌ن.
حه‌مه‌د گوتی: به خۆشه‌ویستی هاوسهرگییم له‌گه‌ڵ خێزانی یه‌كه‌مم كرد‌و بووینه خاوه‌نی 4 منداڵ و دواتر قسمه‌ت وابوو من كه‌سێكی دیكه بێته ژیانمه‌وه و به‌هانه‌م به هاوسه‌ری یه‌كه‌مم گرت و ته‌ڵاقم دا و ئافره‌تێكی تر كه هاوكات هاوكارم بوو له فه‌رمانگه خواستم، به‌ڵام دوای چه‌ند ڕۆژێك زۆر په‌شیمان بوومه‌وه له‌و كاره‌ی كردوومه، چونكه هاوسه‌ره‌كه‌م به دیار منداڵهكانماوه دانیشتبوو منیش ماڵم جێهێشتبوو، هه‌ربۆیه دوای ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ خزمان بڕیارمدا جارێكی دیكه ماره‌ی بكه‌مه‌وه بۆ ئه‌مه‌ش پرسمان به چه‌ند مامۆستای ئایینی كرد ته‌نیا ڕێچاره كه نیشانیاندام ماره‌به‌جاش بوو، هه‌ر بۆیه به ناچاری بڕیارماندا ئه‌و كاره بكه‌ین و به 800$ له‌گه‌ڵ نابینایه‌ك پێكهاتین كه خێزانم بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك له ئه‌و ماره بكه‌م تا بتوانم دووباره ماره‌یی بكه‌مه‌وه، بۆیه به بێده‌نگی و به شاهیدی چه‌ند پیاوێكی بنه‌ماڵه و مه‌لایه‌كی ناسراوی خۆمان خێزانمان به شێوه‌یه‌كی كاتی له مام(ب) ماره كرد.
حه‌مه‌د له درێژه‌ی باسه‌كه‌دا گوتی: دوای 3 شه‌و و ڕۆژ مانه‌وه‌ی خێزانم له ماڵی مام (ب) له‌گه‌ڵ شاهیدحاڵه‌كان و مامۆستا ئاینییه‌كه چوینه ماڵی ناوبراو و ئه‌ویش به شاهیدی شاهیده‌كان خێزانمی ته‌ڵاقدا و دوای دوو ڕۆژ به‌سه‌ر ته‌ڵاقدانه‌كه، خێزانمم له خۆم ماره كرده‌وه و ئێستاش هه‌ردوو هاوسه‌ره‌كه‌م لامن و زۆریش په‌شیمانم له‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی به‌سه‌ر هاوسه‌ری یه‌كه‌مم هێنا، چونكه له ڕووی ده‌روونییه‌وه زۆر تێكچووه هه‌رچه‌نده 6 ساڵ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه تێپه‌ڕیوه ، به‌ڵام ئێستاش كاریگه‌ری ئه‌و كاته هه‌م له‌سه‌ر من هه‌میش له‌سه‌ر خێزانم ماوه‌ته‌وه و به‌هۆیه‌وه شه‌رمه‌زاری ناو خزم و كه‌س و خه‌ڵكی ئاوایی بووین.
شه‌هێن كه هاوسه‌ری ئامانجه و ماره‌به‌جاشی پێكراوه گوتی: گه‌وره‌ترین خه‌م و كاره‌ساتی ژیانم ئه‌وه نه‌بوو كه ژنم به‌سه‌ر هات، ئه‌وه‌ش نه‌بوو كه باوكم شه‌هید بوو، به‌ڵكو ئه‌وه بوو كه منیان دا به پیاوێكی نابینا و مارهبهجاشیان پێ‌كردم، منیش بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانم بێ‌ناز نه‌بن به ناچاری و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه له به‌رده‌مما نه‌بوو قبوڵم كرد و 3 شه‌و من بوومه هاوسه‌ری پیاوێك كه هیچ كات له خهوهكانیشما بیرم لێی نه‌كردبۆوه.
گوتیشی: ئێستاش كه بیر له‌و ساته‌وه‌خته ده‌كه‌مه‌وه پێستم گرژ ده‌بێت و جه‌سته‌م ده‌له‌رزێت و چاوم پڕ ده‌بێت له فرمیسك و ڕقێكی گه‌وره‌م به‌رامبه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌م بۆ دروست ده‌بێت و حه‌زی تۆڵه‌كردنه‌وه سه‌راپام داده‌پۆشێت، به‌ڵام كه چاوم به منداڵه‌كانم ده‌كه‌وێت په‌شیمان ده‌بمه‌وه .
گوتیشی: من دایكم و ده‌ستی دایكایه‌تیم شكاوه ئه‌گه‌رنا باوه‌رم وایه هیچ ئافره‌تێك ئه‌وه‌ی بۆ هه‌زم ناكرێت و ناتوانێت ئه‌و سه‌ختیه تێپه‌ڕێنێت ئه‌گه‌ر پاڵنه‌رێكی گه‌وره‌ی نه‌بێت كه ئه‌ویش منداڵه‌كانییه‌تی.
تێبینی/ ناوه‌كانی نێو راپۆرته‌كه هه‌مووی خوازراون
راپۆرت: ماڵپه‌ڕی كوردستان تیڤی