کۆنگرێس: هەرێمی کورستان مۆدێلکی بەهێزە بۆ دیموکراسی و پێکەوەژیان و ئاسایش و ئاوەدانی

یاریدەدەرێکی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: هەرێمی کوردستان نموونەیە لە ناوچەکەدا

لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کۆنگرێسی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی عیراق و سیاسەتی ئێستای ئەمریکا لەم وڵاتەدا، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوای پاراستنی مۆدێلی هەرێمی كوردستان لە عێراق دەکات.

لەو کۆبوونەوەیەی کۆنگرێسدا ، جۆو هود جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە وەک شایەتحاڵی سەرەکی بانگهێشت کرابوو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی کۆنگرێس، بە ڕوونی باسی لەوە کرد، ئەمریکا هاوکات لەگەڵ ئەوەی داکۆکی لەسەر داواکانی خۆپیشاندەران لە عێراق دەکات و جەخت لەسەر مافی هاووڵاتییان دەکاته‌وه‌ تا ژیانێکی ئاسوودە و حکوومەتێکی بەهێزی سەربەخۆی باوەڕپێکراویان هەبێت، لە هەمانکاتدا دەیەوێ دەستێوەردان و پیلانەکانی دژ بە بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن و سەروەریی عێراق و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا بنبڕ بکات".

‌هاوکات گوتیشی" لەپێناو ئەم ئامانجەشدا وەزارەت و دەزگا پەیوەندیارەکانی ئەمریکا هەوڵ و تواناکانی خۆیان بە باشی ئامادە کردووە و هەنگاوە دیپلۆماسییەکانیشیان چڕتر کردووەتەوە".

لەو کۆبونەوەیەدا زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێس بە دیموکرات و کۆمارییەکانیشەوە لەسەر ئەوە کۆک بوون، هەرێمی کورستانی عێراق مۆدێلکی بەهێزە بۆ دیموکراسی و پێکەوەژیان و ئاسایش و ئاوەدانی و کۆنگرێسمانەکان داوایان لە وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسانی دۆسیەی عێراق کرد لە ئەمریکا کەوا ئەم تایبەتمەندییە بە گرنگییەوە ڕەچاو بکەن و دەبێ لەدژی هەر هەڕەشە و پیلانێک لەدژی ئەزموونی سەرکەوتنی ئەم هەرێمە هەڵوێستی دەستبەجێ و توندیان هەبێت.

لەم بارەیەوە جۆو هود لە دوای کۆبوونەوەکەدا ڕاشکاوانە گوتی" ئێمە هەرێمی کوردستان وەک مۆدێلێکی نموونە دادەنێین لە ناوچەکەدا، بۆیە بە باوه‌ڕێکی زۆرەوە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی حکوومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان، سەبارەت بە عێراقیش بەگشتی، ئێمە لەگەڵ دەنگ و خواستی گەلی عێراقین کەوا دەبێ بە وڵاتانی وەکو ئێران بگوترێ بەسە و ئێمە تەنیا لەگەڵ ئێوە دەمانەێ دۆست و دراوسێ بین.