خالید شوانی: پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق نافەوتێت

ئێمه‌ لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتنیان کردوە و ناگەڕێنەوە خاڵی سفر


وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق نافەوتێت، چونکە ئەوان رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەت کردووە نەک تاکەکەسێک.

خالید شوانی رونیشیکردەوە، ئێمه‌ لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتنیان کردوە و ناگەڕێنەوە خاڵی سفر، هەر حکومەتێکیش بێتە جێگەی، دەبێت پابەند بێت بە رێککەوتنەکەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 10-12-2019، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەكانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا باسیان لە هەنگاوی هاوبەش کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رۆژانە لەو ناوچانە روودەدەن.

شوانی گوتیشی: لیژنەیەکی باڵا لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا پێکهێنراوە و حکومەتی هەرێم پڕۆژەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناوچە دابڕێندراوەکان خستوەتەڕوو، ئەوەش لەرێگەی کاراکردنەوەی ماددەی (140) و هەروەها ئاساییکردنەوەی دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

روونیشیکردەوە، حکومەتی ئێستای عێراق کاربەڕێکەرە و هەر حکومەتێکی دیکەش پێکبهێندرێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنە سیاسییەکان، مادەی (140) و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پێشینەی کارەکانی حکومەت دەبێت.

خالید شوانی رایگه‌یاند: ئێمە ئێستا چاوەڕێین حکومەتی عێراق کۆتا خاڵەکانی پڕۆژەى بودجە تەواو بکات و بینێرێتە پەرلەمان، سەرۆک وەزیران و حکومەتی کاربەرێکەر بۆیان هەیە پڕۆژەکە بنێرنە پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەوە کارێکی یاساییە و لەتوانایاندایە ئەنجامی بدەن.

لەبارەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر‌ یاسای بوودجە گوتی: ڕۆژی یەک شەممە حکومەت دەستی لەکارکێشایەوە و هەر ئەو ڕۆژەش دەسەڵات درایە سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی مسادەقەی پڕۆژەکە بکەن و داڕشتنەوەی کۆتایی بۆ بکەن، لەسەر ئەو بنەمایەش ئێمە ڕۆژێک دواتر ڕێکەوتنمان کرد، ڕاست نییە کە دەڵێن حکوومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی نییە پڕۆژە یاسای بوودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بکات، بەڵکو تەنها لەپەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن باسی لەوە کردووه، بەڵام بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی کە بۆ ئەمساڵ بەرکار دەبێت، ئەوە بەڕوونی باسکردووە کە حکومەت کاربەڕێکەر بێت یان نا دەتوانێ یاسای بوودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بکات، چوونکە پەیوەندی بە خەڵک و دامەزراوەکان هەیە،پێشتریش لەسەردەمی مالکی ئەوە کراوە، هیوادارین هیچ لایەنێک ئەوە نەکاتە بیانوو.