هەرێمی كوردستان ئاماده‌كارى بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەنفلۆنزای بەراز ده‌كات

له‌ ئێران بەهۆی ئەنفلۆنزای بەرازه‌وه‌ 81 كەس گیانیان لەدەستداوە

لە شارە جیاجیاكانی ئێران بەهۆی پەتای ئەنفلۆنزای بەرازه‌وه‌ (81) كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هه‌شت هەزار كەسیش سەردانی ناوەندە تەندروستییەكانیان كردووە، هەرێمی كوردستانیش ئامادەكاریی بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو نەخۆشییە دەكات.   

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: كۆمەڵێك رێنمایمان لەسەر خۆپارێزیی له‌ ئەنفلۆنزای بەراز لە بەغداوە پێگەیشتووە، ئەم رێنماییانە گشتاندنی بۆ دەكەین لەگەڵ هۆبەی خۆپارێزیی لە وەزارەتی تەندروستی بۆ سەرجەم نەخۆشخانە و بەڕێوه‌بەرایەتیەكانی تەندروستی دەنێرین.

وتیشی" ئەو نەخۆشییە لە ئێران مەترسیی گەورەی دروستكردووە، بێگومان ئێمەیش دراوسێی ئێرانین و مەترسیی بۆ ئێمەیش دەبێت، بۆیە لەمڕۆوەوە كاری خۆمان دەكەین و نه‌خۆشخانەكان ئاگاداردەكەینەوە كە لە حاڵەتی لەو شێوەیەدا وەزارەت ئاگاداربكەنەوە". 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌" لە هەرێمی كوردستان تائێستا هیچ  حاڵەتێكی ئەو نەخۆشییە تۆمارنەكراوە.

پێشتریش وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەنراوێكیدا ئاشكرایكردبوو: بەپێویستی دەزانین جەخت لەو راستییە بكەینەوە كە ئەنفلۆنزای (H1N1) ئێستا بەشێكە لە ئەنفلۆنزای وەرزی، كە پەتایەكی ساڵانەی چاوەڕوانكراوە لە هەموو وڵاتانی جیهان بە شێوەی وەرزی روودەدات.