بەشە بودجەی هەرێم لەبودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2020 ئاشکرا کرا

فارس عیسا: بۆ پڕۆژە بودجەی ساڵی داهاتوو هیچ كێشەیەكی نییە


سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئاشکرای کرد، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2020 ی عیراق  12.6% دەبێت لەگەڵ وەرگرتنی بەشە بودجەی پێشمەرگەش.

بەگوێرەی هەواڵێکی عەین ئەلعێراق نیوز، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی لەبودجەی 2020ی عێراق ئاشکراکردووە و رایگەیاند: لەبەرامبەر رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەکۆمپانیای سۆمۆ، هەرێمی کوردستان لەسەدا 12.6ی بودجەی فیدڕاڵی و بەشە موچەی پێشمەرگەش وەردەگرێت.

فارس عیسا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لە بارەی چارەنووسی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا راگەیاند، ئەو رێككەوتنەی كراوە بۆ پڕۆژە بودجەی ساڵی داهاتووە، هیچ كێشەیەكی نییە چونكە قۆناغی كۆتایی بڕیوە.

جەختیشی كردۆتەوە، كە ڕێككەوتنی نێوان هه‌رێم و بەغدا لەدوای پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2020ەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

هەفتەی رابردوو وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێككەوتنی تەواو كراوە، چاوەڕوان دەكەین پڕۆژە بودجە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت.