کچێکی دیکەی كوردى ئێزدی لە ژێر دەستی داعش رزگارکرا 

تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 525 کەس رزگارکراون

کچێکی دیکەی ئێزدی پاش پێنج ساڵ لە ژێر دەستی داعش رزگارکرا و گەڕایەوە بۆ ناو کەسوکاری، بەڵام باوکی و برایەکی بێسەروشوێنن و دایکی چوار خوشک و برایەکی دیکەی لە ئەڵمانیان.
 
رەنا نەواف ماوەی پێنج ساڵ و چوار مانگ لەژێردەستی داعشدا بووە، لە ماڵی چەکدارێکی داعشدا لە منبج دەستبەسەر بووە، ئەوکاتەی داعش بردوویەتی تەمەنی کەمتر لە 15 ساڵ بووە.
 
رەنا خەڵکی گووندی تل قەسەبە و دەڵێت، تاوەکو ئێستا نەیوێراوە بڵێت ئێزدییە و بەهۆی ئەوەی باوک و برایەکی بێسەروشوێنن و دایکی و چوار خوشک و برایەکی دیکەیشی چوونەتە ئەڵمانیا، ئێستا لە کەمپی خانکی لە پارێزگای دهۆک لای مامێکی نیشتەجێیە.
 
رەنا باسی لەوە کردووە، بۆ گەڕانەوەی بە کۆبانی و قامشلۆدا تێپەڕیوە و دەڵێت" لە باغۆزەوە تاوەکو منبج ئاژاوە بوو، بەڵام نازانم قاچاخچییەکان چەندێک پارەیان لێوەرگرتووین".
 
عه‌بدوڵڵا شرێم، مامی ره‌نا رۆڵی هەبووە لە رزگارکردنی برازاکەیدا و دەڵێت، لە ساڵی 2014 وە تاوەکو ئێستا هەواڵی ناخۆشمان زۆر دەبیست، دەگوترا کە بۆردومان هەبووە و رەنا کوژراوە، ترساون کە دایکی رەنا شتێکی بەسەربێت.
 
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، لە کۆی شەش هەزار و 417 کەس کە کەوتبوونە دەستی داعش، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 525 کەسیان رزگارکراون و بەدواداچوونەکانیشیان بۆ رزگارکردنی ئێزدییەکان بەردەوامە.