ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروباری خانمان ره‌خنه‌ له‌ فه‌توایه‌كى یه‌كێتی زانایان ده‌گرێت

یەکێتی زانایان فەتوایەکی لەبارەی سەرکەوتنی ژن بە تەنیا لەگەڵ شۆفێری تەکسی دەركرد

یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان، فه‌توایه‌كی نوێی له‌ باره‌ی ده‌رچوونی ئافره‌تان به‌ شه‌و و سه‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ تاكسی به‌ ته‌نیا و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان له‌ شار ده‌ركرد و له‌ به‌رامبه‌ریشدا، ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروباری خانمان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ره‌خنه‌ی له‌و فه‌توایه‌ گرتووه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان، لە نووسراوی ژمارە 144 كە لە 4/12/2019 دەرچووە، چەند فەتوایەكی بڵاوكردووه‌تەوە دەربارەی كاری شوفێرانی تاكسی و ئافرەتان.

هه‌روه‌ها هاتووه‌" لێرەوه‌ رایدەگەیەنین كە وروژاندنی ئەم بابەتانە خزمەت بە ئاشتەوایی و هاوژیانی و یەكسانی و مافەكانی مرۆڤ ناگەیەنێت، ئەم فەتوایە پێشێلکردنی کەرامەتی ژن و پیاوە، بە تایبەتی برایانی شۆفێری تەکسی، هەروەها پێشێلكردنیشە بۆ كاری دامودەزگه‌ فەرمی و یاساییەكان و لەگەڵ بنەماكانی یەكسانی جێندەری یەكناگرێتەوە، كە یەكێكە لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌شدا هاتووه‌" پێویستە لیژنەی باڵای فەتوا هەستیارانەتر مامه‌ڵە لەگەڵ ئەم بابەتە كۆمەڵایەتی و هەستیارانەدا بكات.

له‌ فه‌تواكه‌یدا، یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلام رایگه‌یاندووه‌، به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ره‌وشتی به‌رزی موسڵمانانه‌ و دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی جوانی كوردانه‌ و ئیستغلال نه‌كردنی كاسبی شه‌رعی له‌ لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سی نابه‌رپرسه‌وه‌، ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ی خواره‌وه‌ی دا:

1- ده‌رچوونی ئافره‌ت له‌ ته‌ك مه‌حره‌می خۆیدا هه‌ر كاتێك بێت بۆ هه‌ر جێگه‌یه‌ك بێت درووسته‌ و شایسته‌یه‌ و ئه‌سڵ وایه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێت.

2- ده‌رچوونی دوو ئافره‌ت یان زیاتر بۆ كاری پێویست وه‌ك ده‌وام و خوێندن و كار و ..هتد، درووسته‌ و هیچ گرفتێكی شه‌رعی نییه‌ چونكه‌ خه‌ڵوه‌تی شه‌رعی په‌یدا نابێت.

3- ئه‌گه‌ر شووفێره‌كه‌ ئافره‌ت بوو، درووسته‌ ئافره‌تی دیكه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وێت، به‌ڵام شوفێری ئافره‌ت درووست نییه‌ نه‌فه‌ری پیاو هه‌ڵگرێت.

4- درووسته‌ ئافره‌ت ئه‌گه‌ر له‌ نه‌فسی خۆی دڵنیا بوو له‌ برا شوفیره‌كه‌یش دڵنیابوو، له‌ پشته‌وه‌ی تاكسی سه‌ركه‌وێت بۆ كاری پێویستی خۆی.

5- هه‌ر كاتێك ئافره‌ته‌كه‌ یان شوفێره‌كه‌ یان هه‌ردووكیان له‌ كه‌وتنه‌ ناو داوی گوناهو تاوان و كاری ناشه‌رعی له‌ خۆیان ده‌ترسان، به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دوای سه‌ركه‌وتنی ئافره‌ته‌كه‌ش بێت بۆ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌، پێویسته‌ ئافره‌ته‌كه‌ له‌گه‌ڵ شوفێره‌كه‌ سه‌رنه‌كه‌وێت و دابه‌زێت، یان شوفێره‌كه‌ داوای دابه‌زینی لێ بكات، ئه‌گه‌ر ئافره‌ته‌كه‌ دانه‌به‌زی پێویسته‌ ده‌م و ده‌ست شوفێره‌كه‌ دابه‌زێت و نه‌یگه‌یه‌نێت.

6- پێویسته‌ ئافره‌ت به‌ شه‌وان، به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری نامه‌حره‌می تاكسی ده‌رنه‌چێت، مه‌گه‌ر دڵنیا بێت بۆ كارێكی زۆر پێویست و زه‌روورییه‌.

7- پێویسته‌ ئافره‌ت به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری نامه‌حره‌م بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار و ئاوه‌دانی ده‌رنه‌چێت.

8- سه‌باره‌ت به‌و كرێیه‌ی كه‌ خاوه‌ن تاكسییه‌كه‌ وه‌ریده‌گرێت، حه‌ڵاڵه‌ ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وته‌ ناو حه‌رام، یان كاره‌كه‌ی به‌كارنه‌هێنا بۆ به‌دواكه‌وتنی كاری ناشه‌رعی.