ڕوونكردنەوەیەك لە نووسینگەی وەزیری دارایی و ئابوورییەوە

وەزارەتی دارایی: بەرپرسارێتی تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەگرینە ئەستۆ


نووسینگەی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوە دەدات لەبارەی ئەو زانیارییانەی كە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دیوانی وەزارەتی دارایی بەڕێوەچو سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.

ئەمرۆ پێنج شەممە ڕێكەوتی 5/12/2019، لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بەسترا و سەرۆكی شاندەكە و ئەندامانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ دۆسیەی بودجە و نەوت ئەنجامی ڕێكەوتنی شاندی هەرێمی كوردستانی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشكرا كرد.

لە چوارچێوەی كۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەكەدا ڕۆژنامەنووسێك پرسیاری ئەوەی لە سەرۆكی شاندەكە كرد كە حكومەت سێ مووچە قەرزداری مووچە خۆرانی كوردستانە، ئاشكرایە مەبەستی ڕۆژنامەنووسە بەرێزەكە "سێ مووچەی تەواو بوو" بەڵام سەرۆكی شاندەكە "زانیارییەكەی بۆ ڕاستكردەوە كە سێ موچە نییە بەڵكو مووچەی هەشت مانگی فەرمانبەران و 12 مانگی خانەنشینان قەرزدارە. هەروەها نە ڕۆژنامەنووسەكە و نە جەنابی وەزیر هیچ ئاماژەیەكیان بە مووچە ناتەواوەكان نەداوە كە بە ڕێژەی جیاواز بە پاشەكەوت دابەشكراون.

بەداخەوە هەندێك كەس بە ئاگایی یان بە بێ ئاگا ڕاستیەكان دەشێوێنن دەیانەوێت لە بەهای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی شاندی هەرێمی كوردستان كەمكەنەوە.

پێتان ڕادەگەیەێنێن، سەرباری ئەوەی كە مووچە نەدراوەكان و پاشەكەوتەكانی مووچەش هەرچەندە لەسەردەمی ئەم كابینەیەدانەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بەرپرسیاریەتی هەموویان لە ئەستۆ دەگرێت.