وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێم: کارەبا دەدرێتە کەرتی تایبەت

وەزیری کارەبا: دانانی پێوەری زیرەک سەدا ٨٠ی کێشەی کارەبا چارەسەر دەکات

وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵودا کێشە و گرفتەکانی بەردەم سێکتەری کارەبا دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەکات کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەکاربردن زیاتر و راشیدەگەیەنێت کە کێشەی گەورەی سێکتەری کارەبا سووتەمەنییە و ئاشکرایشی دەکات کە لە هەوڵی ئەوەدان سێکتەری کارەبا بدەن بە کەرتی تایبەت.

کەمال محەمەد ساڵح گوتی: "کێشەی سەرەکی ئێمە نەبوونی سووتەمەنییە نەوەک بەرهەمهێنانی کارەبا. لە هەرێمی کوردستان ١٤ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە کە سەرجەمیان بڕی شەش هەزار و ٧٣٧ مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن، ئەوەیشی کە ئێستا بۆ خەڵک دابین دەکرێت بەشێوەیەکی بەردەوام لە ساڵی ٢٠١٩دا، بڕی سێ هەزار و ١٥٥ مێگاوات کارەبایە".

وەزیری کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە ئێستادا ١٢ یەکە کار ناکەن بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە کە هەر یەکێکیان بڕی ١٢٥ مێگاوات بەرهەم دەهێنێت، واتا ئێستا بەرهەمهێنانی زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ مێگاوات کارەبا راوەستاوە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە، هەر سێ وێستگەی ماس، کار و قەیوان پێویستە بڕی پێنج هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن کە وێستگەی ماس بڕی چوار هەزار، وێستگەی کار هەزار، هەروەها وێستگەی قەیوان ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن، ئەم وێستگانە بە غاز و گازوایل کار دەکەن و بەهۆی ئەوەی گازوایل گرانە و تێچووی زۆرە کە هەر کیلۆواتێک دەچێتە سەروو ١٣ سەنت و غازیش تێچووی نزیکەی ٦،٢ سەنتە و ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان دەبێت، بۆ نموونە هەر یەکەیەکی ١٢٥ مێگاواتی پێویستی بە بڕی ٨٦٣ هەزار لتر گازوایلە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ئەگەر بۆ ماوەی یەک مانگ حسابی بکەین نزیکەی ٢٥ ملیۆن لتر گازوایلمان پێویستە و ئەگەر هەر لتری لەسەر نیو دۆلار حساب بکەین ئەوا تێچووێکی زۆرە".

وەزیری کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح جێبەجێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەک بە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشەی بەردەم سێکتەری کارەبا دەزانێت و لەمبارەیەوە گوتی: "گرێبەستی پێوەری زیرەک لە ساڵی ٢٠١٧ واژووکرا کە لەبەر چەند هۆکارێک راوەستا، بەڵام لە مانگی هەشتی ٢٠١٩ دەستکرا بە جێبەجێکردنەوەی و تا ئێستا ٧٢ هەزار پێوەری زیرەک دانراوە، دانانی پێوەری زیرەک سەدا ٨٠ی کێشەی کارەبا چارەسەر دەکات، چونکە بە پلەی یەکەم زێدەڕۆیی لەسەر کارەبا ناهێڵێت".

کەمال محەمەد ساڵح هەروەها ئاشکرایکرد کە چارەسەرکردنی کۆی کێشەکە بریتییە لە دابەشکردنی کارەبا لە رێگای کەرتی تایبەت و گوتی: "کارەبا چوار سێکتەری سەرەکییە کە بریتیین لە بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشکردن و کۆنتڕۆڵکردن، وەکو وەزارەتی کارەبا دەتوانم بڵێم لە سێکتەری بەرهەمهێنان سەدا ٨٥ی کەرتی تایبەتە، هەروەها وێستگەکانی ماس، کار و قەیوان بڕی پێنج هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن، بەڵام سێکتەری دابەشکردن زۆر پێویستە ئەویش بکەین بە کەرتی تایبەت، دوای دانانی پێوەری زیرەک ئەوا دابەشکردنی کارەباش دەبێت بە کەرتی تایبەت و چارەسەرکردنی دروستیش ئەمەیە".

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥دا بەردی بناغەی پڕۆژەی هایدرۆ پاوەر (کارۆئاوی) لە پارێزگای دهۆک دانرا بە گوژمەی ١٦٨ ملیۆن دۆلار کە توانای بەرهەمهێنانی ٣٧ مێگاوات کارەبای هەیە و تا ئێستا ئەم پڕۆژە بە ناتەواوی ماوەتەوە و لەمبارەیەوە وەزیری کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح گوتی: "پڕۆژەی هایدرۆ پاوەر لە دێرەلووکە و یەکەمین پڕۆژەیە لە تەمەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم پڕۆژەیە لەسەر قەرزی ژاپۆنی دروستکراوە و لەسەدا ٧٥ی پڕۆژەکە تەواو بووە و کارکردن تیاییدا بەردەوامە".

وەزیری کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا تایبەت بە سێکتەری کارەبادا گوتی: "ئێمە بڕی ٣٥٠ مێگاوات کارەبا دەدەین بە مووسڵ و بڕی ١٠٠ مێگاواتیش دەدەین بە کەرکووک، ئەمە بابەتی فرۆشتن نییە، بەڵکو وێستگەکانی بەرهەمهێنان پابەندییەکی لەسەر حکوومەت هەیە بە رێژەی ٦٠ لەسەدا، بۆ نموونە وێستگەی خورمەلە کە بەرهەمهێنانی هەزار مێگاواتە ئەوا ٦٠٠ مێگاوات لەسەر ئێمە پابەندییە، ئەگەر کار بکات یان نەیکات پێویستە ئێمە ٦٠ لەسەدا پارەی ئەوان بدەین، ئەوەی دەمێنێتەوە کە ٤٠ لەسەدایە، چونکە ئێمە لێی ناکڕین و نابین بە رێگریش لە فرۆشتن ئەوا دەیدەن بە کەرکووک و نەینەوا و لەسەر ئەو بنەمایەش ئەم بڕە کارەبایە بۆ کەرکووک و نەینەوا دەچێت".

کەمال محەمەد ساڵح تیشکی خستە سەر پشکی هەرێمی کوردستان لەو قەزرانەی لەلایەن وڵاتانەوە دەدرێن بەعێراق و گوتی: "لاوازییەکی گەورە هەیە لە بابەتی قەرز، تەنها قەرزی ژاپۆن کە هات بۆ عێراق پێنج ملیار (دۆلار) بوو، ٦٠٠ ملیۆنی بەر هەرێم کەوتبوو کە دابەشکرا بەسەر وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی کارەبا، لەو ٣٠٠ ملیۆنەی بەر وەزارەتی کارەبا کەوت چەندین پڕۆژە لەسەر ئەوە جێبەجێکرا، پڕۆژەی دێرەلووک کە ٣٧ مێگاوات کارەبایە، هەروەها ١٣ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای گەڕۆک (مۆبایل)، سێ بنکەی تێستی کەلوپەلی کارەبا لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی، واتا ئەوەی بۆ عێراق هاتووە، هەرێم تەنها قەرزی ژاپۆنی وەرگیراوە".

وەزیری کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح ئاماژەی بەو زێدەڕۆییانەش کرد کە کراوەتە سەر کەرتی کارەبا و جەختی لەوەشکردەوە کە لەماوەی مانگێکدا سەرجەم زێدەڕۆییەکان دەبڕدرێن و لەمبارەیەوە گوتی: "بڕیارمانداوە کە کارەبای زێدەڕۆیی ببڕدرێت چونکە خواستی کارەبا زۆر بووە و ئێستا خواستی هاووڵاتییان لەسەرووی پێنج هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبایە، بەرهەمهێنانی ئێمەش سێ هەزار مێگاواتە، لەم ماوەیەدا پێدانی کارەبا کەم بوو، دەمانەوێت زیاتر هاووڵاتی سوودمەند بێت، بەڵام حەوت شوێن دەستنیشانکراوە کە کارەبای بەردەوامی هەبێت، ئەوانیش بریتیین لە پڕۆژەکانی ئاو، نەخۆشخانەکان، گرتووخانەکان، فڕۆکەخانەکان، خاڵە سنوورییەکان، پاسپۆڕت و کارتی نیشتمانیی. ماوەی یەک مانگ مۆڵەت دراوە بە زێدەڕۆییەکان و تیمەکانمان پشتیوانیی یاساییان هەیە چونکە بە پێشبینی ئێمە لە ئەنجامی ئەو زێدەڕۆییانە بڕی لەسەدا ١٥ی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ زێدەڕۆیی دەڕوات".

کەمال محەمەد ساڵح جەختی لەوەیش کردەوە کە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی ئەوەکراوە کە سووتەمەنی پێویست بۆ سێ مانگی داهاتوو دابین بکرێت بۆ ئەوەی یەکە لەکارکەوتووەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەونەوە کار.