نەخۆشە دەگمەنەکەی چۆمان ڕەوانەی ئوردن دەکرێت

لەسەر ئەرکی خێرخوازێکی شاری هەولێر


سارا ئیسماعیل، ئەو کچەی خوێن لە چاو و گوێ و قورگی دەهاتەخوار، لەگەڵ نەخۆشە هاوشێوەکانی لەسەر ئەرکی خێرخوازێکی شاری هەولێر بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی وڵاتی ئوردن دەکرێت.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانەی نانەکەلی شاری هەولێر سەردانی سارا ئیسماعیل و نەخۆشێکی دیکەی کرد و لە تەندروستی نەخۆشەکانی پرسی، کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بەهۆی ئەوەی خوێن لە قورگ و لووت و چاوەکانیان دەهاتەخوار، بەمەبەستی پشکنین و دۆزینەوەی نەخۆشییەکەیان لەو نەخۆشخانەیە خەوێندراون. 

ئیسماعیل عوسمان، باوکی سارا، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: زۆر سوپاسی وەزیری تەندروستی دەکەین کە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەمخۆرانە هاتەسەرخەت و لەم نەخۆشخانەیە هەموو پشکنینێکیان بۆ سارای کچەکەمیان کردووە، ئەمڕۆش د. سامان بەرزنجی، سەردانی کردین و پێی ڕاگەیاندین کە خێرخوازێکی شاری هەولێر لەسەر ئەرکی خۆی ئامادەی دەربڕیوە بۆ ئەوەی سارا و ئەو نەخۆشانەی ئەو حاڵەتەیەیان هەیە بۆ پشکنین و چارەسەری ڕەوانەی وڵاتی ئوردنیان بکات.

باوکی سارا، گووتیشی: سوپاسی هەموو لایەک دەکەم کە خەمخۆرانە لە حاڵەتە دەگمەنەکەی کچەکەمیان پرسیوە، خوا پاداشتی ئەو خێرخوازە و هەموو لایەک بداتەوە.

جگە لە (سارا ئیسماعیل) دانیشتووی قەزای چۆمان، هەریەک لە (زەیتوون یوسف) خەڵکی قەزای ئاکرێ و (شێروان بێکەس) کە خەڵکی قەزای شێخانە، تووشی ئەم حاڵەتە بوونەتەوە و ئەو خێرخوازەی شاری هەولێر کە نەیویستووە ناوی لە ڕاگەیاندن بگوترێت، هەرسێ نەخۆشەکە لەسەر ئەرکی خۆی دەگەیەنێتە ئوردن.

باوکی سارا، دەشڵێت: لێرە هەموو پشکنینێکیان بۆ کچەکەم کردووە، بەڵام نەخۆشییەکەیان دەستنیشان نەکردووە، ئێستاش خەریکی مامەڵەکانین بۆ ئەوەی سبەی یان دووسبەی بۆ چارەسەری بگەینە ئوردن و پەنا بەخوا بگەینە ئەنجام و چارەسەرییەکی دڵخۆشکەر.

بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵ پێشتر لە وڵاتی هیندستان حاڵەتێكی لەم شێوەیە تۆمارکرابوو، لەمبارەیەوە پزیشكانی هیندستان رایانگەیاند: حاڵەتی خوێنبەربوون لە چاو و قورگ و گوێ، حاڵەتێكی زۆر دەگمەنە و بەشێوەیەکی ورد ئەنجامەکەی دەستنیشاننەکرا، تووشبووەکەی هیندستان روونیدەکاتەوە لە رۆژێكدا جارێك و هەندێكجار 10 جار تووشی خوێنبەربوون دەبێت. 

کەریم سمکۆ