بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌شی تێدایه‌ .. هه‌ولێرو بەغدا رێککەوتن

زیاتر لە 15 بڕگەی بودجەی سیادی لابراون ‌و بەوەش بودجەی هەرێمی كوردستان زیاددەبێت


 مه‌سروور بارزانی سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە پرسی بودجە کۆبووەوە و شاندەکە وردەکاری ئەو رێککەوتنەی واژۆیان کردووە بۆ سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.


له‌مباره‌یه‌وه‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا رایگه‌یاندووه‌، لە کۆبوونەوەی سه‌رۆكی حكومه‌ت و شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا، سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە وردەکاری ئەو رێککەوتنەیان بۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە لەژێر رێنمایی و بە چاودێری سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لە بارەی بودجەوە ئەنجامدراوە. شاندەکە ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتووەتە دەرئەنجامی کۆتایی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2020.
ئەمە یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتایی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی فیدراڵ بەشدار دەبێت، هه‌ر بۆیه‌شه‌ لە راگەیه‌ندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیوادارە رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت و داواش لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراق دەکات، لە قۆناخی داهاتوو کە پرۆژەی بودجە دەچێتە پەرلەمانی عێراق، هاوکار و پشتیوان بن، لە چەسپاندن و پاراستنی ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.


سەبارەت بە بەشە بودجەی پێشمەرگە ، شیروان میرزا، ئەندامی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، شاندی دانوستاندنكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گفتوگۆیەكی سەركەوتوویان لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق كردووە. بەپێی زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە كوردە، لەو گفتوگۆیانەی كراون زیاتر لە 15 بڕگەی بودجەی سیادی لابراون ‌و بەوەش بودجەی هەرێمی كوردستان زیاددەبێت ‌و خەرجی گواستنەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوتیش كە كوردستان رادەستی عێراقی دەكات، دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراق ‌و هەرێمی كوردستانیش حەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكانی كوردستان بە ئاگاداری كۆمپانیای سۆمۆ دەدا‌ت. هاوكات ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ ده‌شڵێ، بودجەی پێشمەرگە لەگەڵ ئەوەی لە 68 ملیار دینارەكە زۆر زیادكراوە، لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقیش نەماوە ‌و بڕیارە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران بێت.

به‌پێى راگه‌یاندراوی سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/12/4 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی  مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی   جێگری سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوە.
تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بریتین لە :

- خستنەڕووی دەرئەنجامی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی و حکومەتی فیدراڵی لە سەر پڕۆژە بودجەی 2020 .
- گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی کارەبا و کێشە و ئاستەنگەکانی .
- گفتوگۆکردن دەربارەی پڕۆژە یاسایەک.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز