به‌ڕێوه‌به‌ری‌ خانه‌نشینی‌ كوردستان: كه‌مترین مووچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ ده‌بێته‌ 400 هه‌زار دینار

حكوومه‌ت زۆر جددیه‌‌ له‌وه‌ی پڕۆژه‌ی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت

به‌رێوەبه‌ری خانه‌نشینی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر جددیه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای چاكسازی و كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشینی ده‌بێته‌ 400 هه‌زار دینار. 

حازم ئیسماعیل به‌ڕێوەبه‌ری خانه‌نشینی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: له‌ عێراق ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی بگاته‌ 60 ساڵ خانه‌نشین ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌پێی یاسای ژماره‌ نۆی خانه‌نشینی عێراقه‌ و تا ئێستا ئه‌و یاسایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ناكرێت. 

ڕاشیگه‌یاند: حكوومه‌ت داوای كردووه‌ رای خۆمان دیاری بكه‌ین له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی چاكسازی و ئێمه‌ش پێمان راگه‌یاندوون ئه‌گه‌ر یاسای ژماره‌ نۆی عێراق جێبه‌جێ بكرێت زۆر باشه‌ شه‌فافی و دادگه‌ری‌ دێنێته‌ دی . 

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ دووپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌ كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشینی له‌ پڕۆژه‌ی چاكسازی 400 هه‌زار دینار ده‌بێت و مووچه‌ی خانه‌نشینی پله‌ باڵاكانی كه‌م ده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ حكوومه‌ت زۆر جددیه‌‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وەندی هه‌موو خه‌ڵكی  كوردستان ده‌بێت.