یه‌كه‌مین دیداری نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ئه‌نیمێشن به‌ خه‌ڵات كۆتایی ھات

خه‌ڵاتی باشترین بیرۆكه‌ی فیلم به‌ ده‌رھێنه‌ر (سامی كاكه‌) به‌خشرا

دوای ئه‌نجامدانی چه‌ندین خوولی فیستیڤاڵی كوردستان – ھه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سینه‌مای ھه‌ولێر، بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ھه‌رێمی كوردستان دیداری نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ئه‌نیمێشنی له‌ ھه‌ولێری پایته‌خت ساز كرد، له‌و دیداره‌شدا 50 فیلم له‌ پێشبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات بوون و له‌ نێویشیاندا 4 به‌رھه‌م خه‌ڵاته‌كانی باشترین فیلم و باشترین بیرۆكه‌ و ده‌رھێنانیان پێبه‌خشرا.

دیداره‌كه‌ 3 ڕۆژی خایاند و بوو به‌ یه‌كه‌مین ئه‌زموونی سینه‌مای ھه‌ولێر له‌و بواره‌دا، كه‌ له‌ پێشووتردا له‌ ھیچ پارێزگایه‌كی دیكه‌ی كوردستان و عێراقیش ئه‌نجام نه‌دراوه‌، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی میوانانی بیانی به‌ڕێوه‌بچێت و له‌ ماوه‌ی ئه‌و 3 ڕۆژه‌شدا پایته‌خت كه‌شێكی ھونه‌ری به‌خۆیه‌وه‌ بینی و بینه‌ری فیلمه‌كانیش ئاماژه‌یان بۆ به‌ره‌وپێشچوونی بواری سینه‌ما ده‌كرد، كه‌ ھه‌میشه‌ ھه‌نگاوده‌نێت بۆ باڵابوونی ئه‌و ھونه‌ره‌ له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

ئه‌زموونێكی نوێ بۆ سینه‌مای ھه‌ولێر

ئه‌وه‌ی كه‌ پێشكه‌ش كرا، ته‌نیا دیدارێكی سینه‌مایی نه‌بوو، به‌ڵكو كاركردن بوو بۆ ھه‌نگاونان به‌ره‌و ھونه‌رێكی تازه‌ له‌ بواری سینه‌مادا، كه‌ ئه‌ویش (ئه‌نیماتۆر- ئه‌نیمێشن)ـه‌، كه‌ له‌ عه‌قڵی بینه‌ری كوردی دا شتێكی نوێیه‌ و تا ئێستایش ده‌رھێنه‌رانی كورد خۆیان له‌و بواره‌ نه‌دیتبۆوه‌، مه‌گه‌ر له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو نه‌بێ، كه‌ ده‌رھێنه‌رانی كورد به‌ عه‌شقه‌وه‌ ڕوویان له‌و ھونه‌ره‌ كردووه‌، سینه‌مای ھه‌ولێریش، بۆ یه‌كه‌م جار كاروانی پڕۆژه‌ ھونه‌رییه‌كانی له‌ فیستیڤاڵ و به‌رھه‌م ھێنانی فیلمی كورت و درێژی سینه‌مایی ھه‌نگاوی نا به‌ره‌و سازكردنی دیدارێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ فیلمی ئه‌نیمێشن، كه‌ تا ھه‌نووكه‌ له‌ ئاستی كوردستان و عێراقیش نه‌كراوه‌ و یه‌كه‌مین دیداربوو له‌ ھه‌ولێر ئه‌نجام درا و بووه‌ یه‌كه‌مین ئه‌زموونی سینه‌مای ھه‌ولێر، كه‌ (شاخه‌وان مسته‌فا) به‌ڕێوه‌به‌ری ھونه‌ری سینه‌مای ھه‌ولێر، به‌ ھاوكاری (پشتیوان عه‌بدوڵا) ڕه‌خنه‌گری بواری سینه‌ما له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك له‌ لێژنه‌یه‌كی باڵای ئه‌و دیداره‌ ئه‌نجامیان دا، كه‌ بوو به‌ ده‌سپێكێكی جوان له‌ نێو كاری ئه‌نیمێشندا، ھاوكات میوانداری كردنی چه‌ند وڵاتێكی جیاواز گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌یه‌، كه‌ سه‌قامگیری كوردستان ڕێگه‌ خۆشكه‌ره‌ بۆ پێكه‌وه‌ كاركردن بۆ ھه‌نگاونان به‌ره‌و پێشبردنی زمانی سینه‌ما له‌ جیھاندا.

قوربانیه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ نێو ئه‌نیمێشنی كوردی دا

یه‌كێك له‌ به‌رھه‌مه‌ ھه‌ره‌ دیار و سه‌رنج ڕاكێشه‌كانی ئه‌و دیداره‌دا پێشكه‌ش كردنی ترایله‌رێك بوو، كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی باسی له‌ قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرد، كه‌ چۆن به‌رھه‌نگاری تیرۆرستانی داعش بووه‌ته‌وه‌، ئه‌و به‌رھه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئه‌ركی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سینه‌مای ھه‌ولێر به‌رھه‌م ھێنراوه‌ و له‌ ساڵی 2020ـش كۆتایی به‌ كاره‌ ھونه‌رییه‌كانی دێت، كاتێك كه‌ ترایله‌ری ئه‌و به‌رھه‌مه‌ش نیشان درا، جۆرێك له‌ حه‌ماسه‌تی به‌ بینه‌ری فیلم ده‌به‌خشی، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌، كه‌ چه‌ند بوێرانه‌ ڕووبه‌ڕووی ھێزێكی ترسناك بووه‌ته‌وه‌ و نه‌ك خوێنی به‌خشی بێت به‌ كوردستان، به‌ڵكو پارێزگاری له‌ مانه‌وه‌ی گه‌لانی جیھانیش كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌فسانه‌ی داعش له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ تێكشكێندراوه‌، ھاوكات به‌ ڕوونی به‌ بینه‌ر ده‌ڵێت: پێشمه‌رگه‌ له‌ ھه‌ر كوێ بێت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئارامه‌ و ڕووه‌و ئاوه‌دانی ھه‌نگاو ده‌نێت.

Ktv

میوانه‌ ڕووحسووكه‌كانی ھه‌ولێر كێ بوون؟

له‌ میانی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و دیداره‌دا، 3 ڕۆژی به‌رده‌وام نه‌وه‌یه‌كی ھونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ (فه‌رید ئه‌تڕه‌ش)، كه‌ ناوی (موزانه‌ ئه‌تڕه‌ش) بوو، وه‌ك میدیاكارێكی له‌ ھۆڵه‌ سینه‌ماییه‌كان به‌ جلی كوردییه‌وه‌ ده‌بینرا، له‌ پاڵ ئه‌ویشدا چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیار و به‌رچاو له‌ ژاپۆن و خوارووی عێراق و سووریا و وڵاتانی دیكه‌ میوان بوون و ئاماژه‌یان بۆ سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌ ھونه‌رییه‌كه‌ ده‌كرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ربڕی كه‌ ئاماده‌ن ھاوكاربن له‌ به‌رده‌م كاره‌ ھونه‌رییه‌كانی سینه‌مای ھه‌ولێر بۆ ساڵی داھاتوو.

Ktv

په‌یامێك له‌ سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ فیلمسازان

له‌ دوا ساته‌كانی كۆتایی ئه‌و دیداره‌، (زیره‌ك كه‌مال) نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، په‌یامی سه‌رۆكایه‌تی ھه‌رێمی وه‌ك نوێنه‌ری (نێچیرڤان بارزانی) خوێنده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی بۆ سه‌ركه‌وتنی دیداره‌ كرد و به‌خێرھاتنی گه‌رمی میوانانی ئه‌و دیداره‌ی كرد و پشتیوانی شه‌خسی سه‌رۆكی ھه‌رێمیشی بۆ كاره‌ ھونه‌رییه‌كان دووپاتكرده‌وه‌، ھاوكات ڕاشیگه‌یاند، كه‌ ده‌بێت ئه‌و دیداره‌ به‌ پڕۆگرامێك ساڵانه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، پاشان خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی ئه‌و دیداره‌ی پێشكه‌شی ڕێكخه‌رانی دیداره‌كه‌ كرد.

Ktv

دیداری ئه‌نیمێشن به‌ خه‌ڵات كۆتایی ھات

كۆتا ڕۆژی دیداره‌كه‌، مه‌ڕاسیمێك سازكرا، كه‌ بریتی بوو له‌ دیاریكردنی باشترینه‌كانی ئه‌و دیداره‌، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی لێژنه‌یه‌كی پسپۆڕ و باڵا بۆ ھه‌ڵسه‌نگاندنی فیلم دانرا بوو، ئه‌وانیش بریتی بوون له‌ (سامان عومه‌ر، مه‌ھدی عه‌باس، نه‌جاح ئیبراھیم)، له‌ نێویشیاندا خه‌ڵاتی باشترین بیرۆكه‌ی فیلم به‌ ده‌رھێنه‌ر (سامی كاكه‌) به‌خشرا و باشترین فیلمیش به‌ (ئه‌نه‌س موسه‌وی) به‌خشرا و له‌ پاڵ ئه‌وانیشدا دوو ده‌رھێنه‌ری دیكه‌ بوونه‌ خه‌ڵات.

به‌مه‌ش یه‌كه‌م دیداری نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نیمێشن به‌ كۆتا ھات و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌ ساڵی داھاتوودا به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق خوولی دووه‌می به‌ڕێوه‌بچێت.

ئا/ شیڤان شێرزاد

كوردستان تیڤی/ كامران