ترسی گه‌وره‌ی ئه‌وروپییه‌كان گۆڕانی كه‌ش و هه‌وایه‌

له‌ پێش بابه‌تی بێكاری و كۆچ و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر

به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بانكی وه‌به‌رهێنانی ئه‌وروپی، نیوه‌ی ئه‌ورووپییه‌كان ترسیان له‌ گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا هه‌یه‌ زیاتر له‌ بێكاری و هێرشی تیرۆریستی.

ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌یه‌ هه‌وڵی زیاتر بۆ ڕێگریكردن له‌ گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا بدرێت له‌ لوتكه‌ی داهاتووی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان. 

به‌پێی ڕووپێوییه‌كی بانكی وه‌به‌رهێنانی ئه‌وروپی كه‌ 30 هه‌زار كه‌س له‌ 30 وڵات به‌شدارییان تێدا كردووه، سه‌دا 47ی ئه‌ورووپییه‌كان گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی یه‌كه‌م داده‌نێن له‌ ژیانیاندا، له‌ پێش بابه‌تی بێكاری و كۆچ و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر. 

لای خۆیه‌وه‌ ئیما ناڤارۆ جێگری سه‌رۆكی بانكی وه‌به‌رهێنانی ئه‌وروپی و به‌رپرس له‌ بابه‌تی كه‌ش و هه‌وای بانكه‌كه‌ ده‌ڵێت هاووڵاتیانی ئه‌وروپی نیگه‌رانن له‌ كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا له‌ ژیان و داهاتوویان.