رێککەوتنی سەرەتایی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجە ئەنجامدرا

هەرێم رۆژانە 250 هه‌زار بەرمیل نه‌وت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکات


رێککەوتنی سەرەتایی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی دووهه‌زار و بیست ئەنجامدرا.


 دوێنێ دوو شه‌ممه‌ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌وت و بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی دوو هه‌زار و بیستی عێراق سه‌ردانی به‌غدای كرد‌.


 له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش سامر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، لەسەر پرسی نەوت کە یەکێکە لە خاڵە هەرە گرنگەکان رێککەوتنی سەرەتایی کراوە. گوتیشی، هەرێمی کوردستان رۆژانە بە تێکڕایی دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار بەرمیل نه‌وت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکات، لە بەرامبەریشدا بودجە ئامادە دەکرێت و تێیدا نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوپیشەکانیان لە حکومەتی ئیتحادی لە هەفتەی داهاتوو لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پرۆژە یاسای بودجە ئامادە بکەن و بیخەنە بەردەم سەرۆک وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران لەپێناو گفتوگۆکردن و پەسندکردنی پاشان رەوانی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی لەوێ رێککار خۆی وەربگرێت.

 بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە شاندی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا و له‌سه‌ر پرسی نەوت و جێگیرکردنی پشکی هەرێم له‌ بودجه‌ی دوو هه‌زار و بیستی عێراق ڕێككه‌وتنی كۆتایی بكه‌ن .