وه‌رزی پێنجه‌م

چ وه‌رزێكی نادیاری

مه‌دیحه‌ برادۆستی

ماڵه‌وه‌دان، تۆ كام وه‌رزی

هه‌رجاره‌و به‌ وه‌رزێكی تر

خۆت ئه‌نوێنی ـ

چ وه‌رزێكی نادیاری

زارم پڕ ئه‌كه‌یت له‌ وشه‌و

دڵ ئه‌دوێنی ـ

هه‌ندێ جار پیره‌ پاییزی

ئه‌بیت به‌ گه‌ڵاڕێزانی

خۆزگه‌و خه‌ونم ـ

هه‌ندێ جاریش به‌هارێكی

باغی خه‌یاڵ ته‌ڕ ئه‌كه‌یت به‌

ورده‌ شه‌ونم ـ

هه‌ندێ جاریش زستانێكی

مه‌یلی ساردت كڕێوه‌یه‌و

ئه‌مته‌زێنی ـ

هه‌ندێ جاریش هاوینێكی

مۆمی ئه‌شقت ده‌توێته‌وه‌و

خه‌م به‌زێنی ـ

تۆ وه‌رزێكی بێ پێناسه‌ی

پیت و وشه‌ی هه‌ڵوه‌ریوی

له‌ نێو په‌نجه‌م ـ

من نازانم تۆ كام وه‌رزی

بۆیه‌ ئیتر ناوت ده‌نێم

وه‌رزی پێنجه‌م..

كوردستان تیڤی/ كامران