سبه‌ی شاندێكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

پرسی بودجه‌ و نه‌وت له‌گه‌ل به‌رپرسانى عێراق تاوتوێ ده‌كرێت


بڕیارە سبەی شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانى نەوت و بودجەى گشتیی عێراق و پشکى کورد، سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عێراق كۆببنەوە. 

شاندەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى فیدراڵی لەسەر پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەکەن، لەوانەش پرسى نەوت و گاز و پڕۆژە یاساى بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵى دووهه‌زار و بیست و پشکى کورد لەو بودجەیەدا. 

هه‌ر له‌و باره‌وه‌ سامر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی دووهه‌زار و بیسته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ دووسه‌د و په‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، رۆژانه‌ له‌ رێگه‌ی سۆمۆوه‌ راده‌ستی به‌غدا ده‌كات. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌پێی زانیارییه‌كانم له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێك له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك وه‌زیر پێكدێن بۆ تاوتوێكردنی بابه‌ته‌كانی بودجه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌كان شاندەكەی هەرێمی كوردستان پێكدێت لە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ وەزیرێكی هەرێم.