هه‌ولێر.. سبه‌ی سوفیان جه‌لال پڕۆژه‌ی هه‌وڵوه‌رین پیشان ده‌دات

چه‌ندین تابلۆی قه‌باره‌ گه‌وره‌ له‌خۆ ده‌گرێت

كاتژمێر (2) ی دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی شه‌ممه‌، 23/11/2019، له‌ هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شێوه‌كاری (میدیا)، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار (سوفیان جه‌لال) دوای پیشاندنی پڕۆژه‌ی (هه‌وڵوه‌رین) له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوو له‌ شاری سلێمانی كه‌ پێشوازیه‌كی زۆری هه‌بوو له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و بواره‌، بۆ ئه‌مجاره‌یان له‌ شاری هه‌ولێر پیشانیان ده‌دات، كه‌ وا بڕیاره‌ پێشانگاكه‌ بۆ ماوه‌ی (8) ڕۆژ به‌رده‌وام بێت، ڕۆژانه‌ له‌ كاتژمێر (10 به‌یانی تا 5 ی ئێواره‌).

له‌مباره‌یه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند (سوفیان جه‌لال) ڕاگه‌یاند: پڕۆژه‌ی (هه‌وڵوه‌رین) تێیدا چه‌ندین تابلۆی قه‌باره‌ گه‌وره‌ له‌ خۆ ده‌گرێت، كه‌ كه‌رسته‌ و ماده‌ی زۆری تێدا به‌كارهاتووه‌، بوون به‌ تیمای كاركردنم و ته‌كنیك و ماتریال له‌ گرنگترین ڕه‌گه‌زه‌كانی ناو كاره‌ هونه‌ریه‌كانمه‌.

ده‌شلێت: له‌ هێلی گشتی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌م زنجیره‌ كاره‌م دا به‌ گشتی كاركردن بوو له‌ وێنه‌و دیمه‌نی جیا جیای سروشت، كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و دیده‌ نهلیستی یه‌ی كه‌ دیمه‌نی داته‌پین و وێرانی و تێكچووندا به‌ر هه‌ستی ئینسان ده‌كه‌وێت.

ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین: هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار (سوفیان جه‌لال) ده‌رچووی كۆلیژی هونه‌ره‌ و پێشانگای پڕۆژه‌ی (هه‌وڵوه‌رین) یه‌كه‌مین پێشانگای ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یه‌ كه‌ پێشتر له‌ شاری سلێمانی پیشانی دابوون.

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران