یادی هەشت ساڵەی كۆچی دوایی "دانیال میتران" له‌ هه‌ولێر كرایەوە

دنیال میتەران هاوسەری فرانسوا میتران، سەرۆک کۆماری پێشووتری فەڕەنسا بوو

بەهۆی ئەو هەڵوێستە مرۆییانەی بەرامبەر دۆزی كورد، بەپێی قۆناغە جیاوازەكان هەیبووە،  ئەمڕۆ لە شاری هەولێر یادی هەشت ساڵەی كۆچی دوایی دانیال میتران كرایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکخراوی (ڕەگ) بۆ هۆشیاری و ڕاگەیاندن، بە ئامادەبوونی سەرکونسووڵی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان و فرسەت سۆفی پاریزگاری هەولیر، مەراسیمێکی یادکردنەوەی بۆ دنیال میتەران هاوسەری فرانسوا میتران، سەرۆک کۆماری پێشووتری فەڕەنسا ڕێک خست.

لە مەراسیمەکەدا جەمال قاسم، سەرۆکی یەکێتی پارلەمانتارانی کوردستان گوتی: "نەتەوەی کورد لە مێژوودا زۆر دۆست و لایەنگر و خەمخۆری لەناو وڵاتانی ئەورووپی هەبووە، یەکێک لەو دۆستانەمان خاتوو دانیال میتران یەکێک لەو دۆستانە بووە کە هەمیشە خەمی خواردووین و پرسی ئێمەی لە ناوەندە نێوەودەوڵەتییەکان بە زیندوویی ڕاگرتووە.

باسی لەوەش کرد کە دانیال میتران لەڕێگەی ڕێکخراوەکەیەوە کە فەڕەنسای ئازاد بوو، کۆنگرەی کورد لە پاریس ساڵی ۱۹۸۹ بەست. ساڵی ۱۹۹۱یش لەڕێگەی هاوسەرەکەیەوە هۆکار بوون بۆ دەرچوونی بڕیاری ناوچەی دژە فڕین بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە بەوپەڕی ئەمەگناسییەوە یادی هەشت ساڵەی کۆچی دوایی ئەو خاتوونە دەکەینەوە.

لە مەراسیمەکەی ئەمڕۆدا جگە لە یادکردنەوەکە، پانیڵێکیش لەبارەی ڕۆڵی فەڕەنسا لە هاوکاری کوردستان بەڕێوە چوو.

دانیال میتران ژنە سیاسەتمەدار و مرۆڤدۆستی فەڕەنسا، ساڵی 1924 لە فەرەنسا لەدایک بووە و هاوسەری فرانسوا میتران سەرۆک کۆماری پێشووتری فەڕەنسایە و بەهۆی ئەو هاوکاری و پاڵپشتییانەی کە لە کوردی کردووە، بە (دایکای کورد) ناوبانگی دەرکردووە.

دانیال میتران ڕێکەوتی 22ی مانگی نۆڤەمبەری2011 کۆچی دوایی کرد، بەڵام بە کۆچی دوایی ئەو کارە خێرخوازییەکانی نه‌وه‌ستان، چونکە پێش کۆچی دواییکردنی رێكخراوێكی به‌ناوی فرانس لیبێرتێ دامەزراند، کە تائێستاش كاری خێرخوازی و هاوكاری مرۆیی ده‌كات.