لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران 52 برینداری چەکی کیمیایی ڕەوانەی ئێران دەکرێن

لە پارێزگای ھەڵەبجە 172 بەرکەوتە پێویستیان بە چارەسەره‌ لە دەرەوەی ھەرێم

لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک برینداری چەکی کیمیایی ڕەوانەی وڵاتی ئێران دەکرێن و سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجەش دەڵێت، ڕۆژانی داھاتوو ئەو بریندارانە ڕه‌وانه‌ى ئێران ده‌كرێن.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند" بڕیارە لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان 52 برینداری چەکی کیمیایی لە ھەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی چارەسەرکردن ڕەوانەی وڵاتی ئێران ده‌کرێن، پێشتریش ژمارەیەک بەرکەوتە بۆ چارەسەرکرن ڕەوانەی ئێران کراون."

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە گوتیشی" ئەو 52 بەرکەوتەی بڕیارە لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیران ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ئێران بکرێن، ھی ھەموو ھەرێمی کوردستانن، نەک تەنیا ھەڵەبجە، لەبەر ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەش بەرکەوتەی چەکی کیمیایی ھەن.

لوقمان عەبدولقادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تەنیا لە پارێزگای ھەڵەبجە 172 بەرکەوتە پێویستیان بە چارەسەر لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵام لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە بڕیار لەسەر ئەوانە دەدرێت کە زۆر پێویستن بۆ چارەسەرکردن."