تۆمەتبارێک بەبڕێک دراوی‌ ساختەوە دەستگیرکرا

بەنیاز بووە لەناو بازاڕدا ساخی‌ بکاتەوە

 به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسی پارێزگای سلێمانى بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ مەفرەزەکانی‌ بنکەی‌ پۆلیسی‌ سەرا تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بڕی‌ ٦٠٠ دۆلاری‌ ئەمریکی‌ ساختەی‌ پێبوەو بەنیاز بووە لەناو بازاڕی‌ شاری‌ سلێمانیدا ساخی‌ بکاتەوە.

راشیده‌گه‌یه‌نن ، پاش چاودێریکردن‌و کۆکردنەوەی‌ زانیاری‌ ورد لەسەر تۆمەتبارەکە، لەلایەن مەفرەزەکانی‌ بنکەی‌ پۆلیسی‌ سەرا توانرا تۆمەتبار بەناوی‌ (م، ت، ب) دەستگیر بکرێت کە بەڕەگەز ئێرانییە.

پۆلیسی سلێمانى ده‌شڵێت ، لەئێستادا تۆمەتبار بەپێی‌ ماددەی‌ (٢٨٩-٢٩١) لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراوەو پەڕاوی‌ لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار کراوەتەوەو دۆسیەکەی‌ ڕەوانەی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوان کراوە، بەمەبەستی‌ لێکۆڵینەوەی‌ زیاتر.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز