جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم: کێشەکانی نێوان هه‌رێم و بەغدا بە قازانجی خەڵکی کوردستان چارەسەر دەکەین

هەوڵدەدەین رێگە چارەیان بۆ بدۆزینەوە


جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەوڵدەدەن هەموو كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە قازانجی خەڵكی هەرێم چارەسەر بكەین.

دوێنێ چوارشەممە، شاندێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێیچرڤانی بارزانی سەردانی بەغدایان كردوو لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و بەرپرسانی دیكە لە بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كۆبوونەوە، جێگری سەرۆكی هەرێم رایگه‌یاند: ئومێد دەكەین هەموو کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بە قازانجى خەڵکى هەرێم چارەسەر بكرێت.

مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-11-2019 لەكاتی بەشداریكردنی لە یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە شاری سلێمانی، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی سەردانەكەی شاندی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ بەغدا راگەیاند: لەگەڵ بەرپرسانی عیراق باسمان لە هەموو كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێم و ناوەند كردووە و هەوڵدەدەین رێگە چارەیان بۆ بدۆزینەوە.

مستەفا سەید قادر ده‌شڵێت: لە بارەی بەردەوامی بەغدا لە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵی داهاتوودا، گوتی: ئومێد دەكەین بە قازانجی خەڵكی هەرێمی كوردستان چارەسەری بكەین.

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، گوتی: بەگشتى باسى زۆرشت کراوە و بۆ وردەکارییەکانیش لیژنەى پێویست دروست دەکرێت بۆ ئەوەى بتوانین لە داهاتوودا گفتوگاکان بەردەوامبن و چارەسەرى پێویستیان بۆ بدۆزینەوە.

شایه‌نی باسه‌ دوێنی چوارشه‌ممه‌ نێچیرڤانی بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جێگره‌كانی سه‌ردانی شاری به‌غدایان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی كۆمار و په‌رله‌مان و حكوومه‌تی عێراق و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی هێزه‌ عێراقیه‌كان كۆبوونه‌وه‌ و پشتیوانی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ده‌ربڕی.