ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە و بڕیاری نوێی ده‌ركرد

به‌سه‌رۆكایه‌تى مه‌سرور بارزانى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌رێوه‌چوو

• پشتیوانیی لە پرۆژەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین
• سازش لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکان هەرێمی کوردستان ناکەین
• پێکهینانی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی بابەتی کارمەندانی گرێبەست

ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/11/13 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە راپۆرتێکی دەربارەی پێکهاتەی وەزارەت و میلاک وخەرجییەکان و هەنگاوەکانی پڕۆژەی چاکسازی لە بواری کاروباری پێشمەرگە خستەڕوو . ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامیێتی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگە و دارایی وئابووری بۆ بەدواداچوونی بڕگەکانی راپۆرتەکەی وەزارەتی پێشمەرگە پێکبهێنرێت و دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
پاشان خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسێی دانوستاندن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی راپۆرتێکی خستەڕوو دەربارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ماددەکانی 3 و12 و 16 و ١7 لە یاسای فیدراڵی ژمارە 4 ی ساڵی 2019 تایبەت بە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە ١2 ی ساڵی 2018 و دوا پەرەسەندنەکانی لیژنەی پێکهاتوو بۆ گۆڕانکاری لە دەستووری عێراق و یەکەمین کۆنووسی لیژنەکە. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی پڕۆژە یاسای هەلبژاردنەکانی عێراق کرد. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە سەر پاراستنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە بە هیچ شێوەیەک سازشیان لە سەر ناکرێت .
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی کارمەندانی گرێبەست پێکبهێنێت، بۆ ئەوەی دواتر دەرئەنجامی بەدواداچوونەکە بخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

 

111