کورسى خوێندنى ماسته‌رو دكتۆرا بۆ کەسوکارى شەهیدو ئەنفالکراوان تەرخان دەکرێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى كۆبووه‌وه‌

 

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرۆکایەتى ئارام محمد قادر، به‌ئامادەبوونى سەرۆکی زانکۆ حکومییەکان، کۆبوونەوەى ژمارە (6) ساڵى (2019)ى ئەنجامدا، چەند تەوەر و بابەتێکى پەیوەست بە پێشخستنى دۆخى خوێندنى باڵای هه‌رێمی کوردستان دوای گفتوگۆكردن بڕیاریان له‌باره‌وه‌ درا.

لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا رایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خاوەنی ڤیژن و دیدگاو پلانی روونن بۆ گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمى کوردستان، هێڵە گشتییەکانی پلانی حکومەت بە روونی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا ئاماژەی پێکراوە، وردەکاری پلانی چوار ساڵی وەزارەتەکەش بەڕاوێژ لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا گەڵاڵە کراوە.

لەبارەى بڕگەى پێداچوونەوە بە بەرزکردنەوەى پلەى زانستى دواى پێشکەشکردنى راپۆرتى لێژنەى تایبەتمەند بەو بوارە، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا لەڕێگەى لیژنەیەکەوە تێبینى، سەرنجەکان گەڵاڵە بكرێت، لە کۆبوونەوەکانى داهاتوو ئەنجوومەنى وەزارەت پەسەندى بکات.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا بۆ پێدانى دەرفەت، به کەسوکارى پلەیەکى شەهید و ئەنفالکراوه‌كان (هاوسه‌ر، كوڕ و كچ)،‌ ئەگەر سەرجەم مەرجەکانى پێشکەشکردنى خوێندنى ماستەر و دکتۆراى تێدا بێت، لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەربچێت، به‌ده‌ر له‌ پلانی ئاسایی وه‌رگرتن کورسى خوێندنى تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت، واتا ناچنه‌ پێشبڕكێی پێشكه‌شكارانی دیكه‌.