ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان یه‌كه‌ی ژمێریاریان ده‌بێت

به‌بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دامەزراندنی یەكەی ژمێریاری بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەدات. عه‌لی ڕه‌شید سه‌رۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر به‌ كوردستان تیڤی ڕاگەیاند، دوای ئه‌وه‌ی به‌ نووسراوێكی فه‌رمی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رجه‌م پارێزگاكان به‌یه‌كه‌وه‌ داوامان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كرد بۆ دامه‌زراندنی یه‌كه‌ی ژمێریاری وەزیری دارایی بڕیاری دامەزراندنی یەكەی ژمێریاری بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان واژوو كرد. عه‌لی ڕه‌شید ڕاشیگه‌یاند، دامەزراندنی ئەو یەكەیە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە سێدایە و ئەنجوومەنەكان تا ئێستا لەو مافەیان بێبەش كراون و یەكەی ژمێریارییان نەبوو، لە ڕووی داراییەوە لەلایەن پارێزگاری شارەكانەوە پارەدار دەكران. ئەنجوومەنی پارێزگاكان وەك دەسەڵاتی یاسادانان و پێشنیار و چاودێری شارەكانن و تا ئێستە هیچ دەرفەتێكی دامەزراندن و سەرچاوەیەكی دارایی خۆیان نەبووە، بۆ هەر پێویستییەك بڕە پارەیەك گەڕاونەتەوە بۆ پارێزگاری شارەكانیان.