به‌ هۆی جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ تا ئێستا 40 كه‌س له‌ئه‌مریكا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

زیاتر له‌ دوو هه‌زاری دیكه‌ش تووشی نه‌خۆشی سییه‌كان هاتوون

ده‌سته‌ی نیشتمانی پزیشكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ به‌ هۆی جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ تا ئێستا، 40 كه‌س له‌و وڵاته‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، ده‌سته‌ی نیشتمانی پزیشكی ئه‌مریكا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی زیانی هه‌یه‌ و به‌هۆی تا ئێستا به‌ لایه‌نی كه‌م 40 حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان په‌یوه‌ندار به‌ نه‌خۆشی سییه‌كان تۆماركراوه‌ و زیاتر له‌ دووهه‌زاری دیكه‌ش به‌هۆی كێشانی جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌، توشی نه‌خۆشی سییه‌كان هاتوون.

به‌رپرسانی ده‌سته‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌  له‌ 10 ویلایه‌تی ئه‌مریكا، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر 29 كه‌س كراوه‌ كه‌ به‌هۆی جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ تووشی نه‌خۆشی سییه‌كان هاتوون.

لای خۆیه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نیشتمانی پزیشكی ئه‌مریكا، ئان سكۆچات گوتوویه‌تی: له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ مادده‌ی زیان به‌خش له‌ جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنیدا هه‌یه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ تووشی نه‌خۆشی سییه‌كان هاتوون كه‌ ئه‌وه‌ش جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌.

ئان سكۆچات ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ هێشتا ده‌سته‌كه‌یان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و ماددانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنییدا هه‌ن.