سەرۆک وەزیران: حكومەت بەوپەڕی توانایەوە كاردەكات بۆ سەرخستن و جێبەجێكردنی داوای خۆپیشاندەران

عادل عبدولمەهدی پەیامێکی بڵاوکردەوە


سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە خۆپیشاندەران دەکات پارێزگاری لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە بكەن و دەشڵێت: سزای توندی هەر کەسێک دەدەن ئەگەر سەرپێچی بکات.

ئەمڕۆ شەممە عادل عبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە وەڵامی سیستانی دەداتەوە و  دەڵێت: چاکسازی لە کۆمسیۆن، یاسای هەڵبژاردن و موچەی پلەباکاڵان دەکەین.

عادل عەبدولمەهدی، بەبەیاننامەیەكی حەوت خاڵی وەڵامی وتارەكەی رۆژی هەیینی رابردووی مەرجەعییەتی باڵای شیعەی لە عیراق دایەوە كە تایبەتبوو بە خۆپیشاندانەكان.

عەبدولمەهدی، لەبەشێكی بەیاننامەكەیدا دەڵێت: حكومەت بەوپەڕی توانایەوە كاردەكات بۆ سەرخستن و جێبەجێكردنی داوای خۆپیشاندەران، خۆپیشاندانەكان هاوكاربوون لە فشارخستنە سەر هێزە سیاسییەكان و حكومەت و دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێكار بۆ رێككردنەوەی ئاڕاستەكان و پەسەندكردنی گۆڕانكارییەكان.

دەشڵێت: حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری بەردەوام دەبن لە لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە دۆسێی شەهیدو بریندارانی خۆپیشاندانەكان لەنێو ریزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان و هیچ خۆپیشاندەرێك بەدەستگیركراوی نامێنێتەوە، ئەو كەسانەش كە تاوانیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە لەهەر لایەك بێت، رووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە.

عەبدولمەهدی ئەوەشی روونكردووەتەوە: لەوەڵامی داواكاری خۆپیشاندەراندا، زنجیرەیەك گۆڕانكاری گرنگی وزاری ئەنجام دەدەین كە داوای گۆڕانكاری بنچینەییان كردووە لە وەزارەتەكاندا لەپێناو دەربازبوون لە سیستمی پشك پشكێنە.

سەرۆكوەزیرانی عیراق دەشڵێت: لەچەند رۆژی داهاتوودا  چاكسازی لەسیستمی هەڵبژاردن و كۆمسیۆندا ئەنجامدەدرێن و دەخرێنەڕوو، سەركەوتنی ئەو هەنگاوەش وابەستەیە بە پەسەندكردنیان لەلایەن هێزە سیاسییەكان بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانی ڕابردوو.

عادل عبدولمەهدی جەختیشی کردەوە: بەردەوامی خۆپیشاندانەكان دەبێت خزمەت بە گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی بكات بۆ ئەوەی لەو دۆخەدا داخوازییە رەوانەكان بەدی بهێنرێن.

عەبدولمەهدی لەبارەی پچڕاندنی هێڵەكانی ئینتەرنێت ئاماژەی بەوەكردووە: هەرچەندە بەكارهێنانی ئینتەرنێت مافی هەموو كەسێكەو سەكۆیەكە بۆ دەنگە خەفەكراوەكان و بیڕوڕا ئازادەكان، لەبەرامبەردا دەسەڵات لەپێناو بەرگریكردن لەمافی هەمووان هەندێك جار ناچارە بە سنوورداركردنی كاتێك دەبینێت ئەو خزمەتگوزاریە بەمەبەستی بانگەشەكردن بۆ توندو تیژی و رقلێبوونەوەو پیلانگێڕی لەدژی نیشتمان و پەكخستنی ژیانی گشتی كە ئەویش بەهەمان شێوە مافی هاوڵاتیانە، بەكاردەهێنرێت. ئەو ڕێوشوێنە كاتیانەش تاماوەیەك بەردەوامیان دەبێت تا رێككردنەوەی ئاڕاستەكان وەك ئەوەی لەتەواوی وڵاتان پەیڕەو دەكرێت.

سەرۆكوەزیرانی عیراق جەختیكردووە لەپەیڕەوكردنی خشتەیەك بۆ كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكان بۆ نیوەو ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەپلەبەندی مووچەی فەرمانبەراندا لەپێناو دەستبەركردنی دادی كۆمەڵایەتی و جێبەجێكردنی سیستمی قەرەبووی كۆمەڵایەتی كە ئەوەش وادەكات هیچ هاوڵاتییەك لەژێر هێڵی هەژاریدا نەمێنێتەوە.