ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز دەكاتەوە

ڕۆحانی: دەست بە چوارەم هەنگاوی كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی دەكەین

سەرۆك كۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ چوار شەممە لە وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ دەست بە چوارەم هەنگاوی كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی دەكەین و ئەو هەنگاوەش بریتی دەبێت لە پێدانی گاز بە ئامێرەكانی سەنتەرفیوچی ئەو وێستگەیە.

بە گوێرەی هەواڵی میدیاكانی ئێران، ڕۆژی سێ شەممە حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" بڕیارە ڕۆژی چوار شەممە 6-11-2019، لە وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ دەست بە چوارەم هەنگاوی كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی بكەین.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، كه‌ ئەمڕۆ چوار شەممە لە پێدانی گاز بە ئامێرەكانی سەنتەرفیوچی ئەو وێستگەیە دەكرێت لەم هەنگاوە پاشگەزیش بینەوە، ئەگەر بێتو لایەنی بەرامبەر هەنگاوێك بەرەو جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی تایبەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی هاتە پێشەوە و توانیمان نەوتی خۆمان بفرۆشین، ئەو كات ئێمەش رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ دەكەین .

وتیشى" ئێران تەواوی ئەو مافەی هەیە كە هەر جۆرە ئامێرێكی سەنتەر فیوچ بەرهەم بهێنێت و دانوستانەكانمان لەگەڵ ئەوروپییەكان بەردەوامن و تاران مۆڵەتێكی نوێ بە لایەنی بەرامبەر دەدات كە ماوەیەكەی بریتییە لە دوو مانگ.