سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک و دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دایەلۆگی رافیدەین دەکات

گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی ئێستای عێراق کرا


پشتگیریی لە هیچ گۆڕانکاری و هەموارکردنێکی دەستوور ناکەین کە دەستکاریی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات

ئەمڕۆ سێشەممە 2019/11/5 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دایەلۆگی رافیدەین کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی ئێستای عیراق کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە هەبوونی پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی عیراقدایە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لەشاندەکە کرد وەک دەستەبژێری رووناکبیری عیراق رۆڵی کاریگەری خۆیان لە یەک نزیکردنەوەی لایەنەکانی عێراق و داکۆکیکردن لە مافە دەستووریی و رەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگێڕن.

دەربارەی داواکانی گۆڕین یان هەموارکردنی دەستووریش ، سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کە کێشەکانی عێراق هۆکارەکەی ناوەڕۆکی دەستوور نییە بەڵکو جێبەجێ نەکردنی ماددەکانی دەستوورە ، گوتیشی ئێمە پشتگیریی لە هیچ گۆڕانکاری و هەموارکردنێکی دەستوور ناکەین کە دەستکاریی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات و کەمیان بکاتەوە .