نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: تیمێكی تایبه‌ت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی پێشنیازه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ سووریا پێكده‌هێنرێـت

بۆ په‌نابه‌ران


نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێریس سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕیاری دا تیمێكی تایبه‌ت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی پێشنیازه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارامه‌وه‌ له‌ سووریا بۆ په‌نابه‌ران پێكبهێنێت.

 له‌و باره‌وه‌ فه‌رحان حه‌ق گوته‌بێژی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان له‌ دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ گۆتێریس پلانێكی تایبه‌تی له‌مه‌ڕ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام‌ له‌ سووریا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی سووریا بۆ وڵاته‌كه‌یان پێشنیازكردبوو. 

حه‌ق ئاماژه‌وی به‌وه‌ش كرد كه‌ گۆتێریس به‌ ئه‌ردۆغانی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ كۆمیسیۆنی باڵای نه‌ته‌وه‌‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری په‌نابه‌ران ده‌ست به‌جێ تیمێكی تایبه‌ت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م پێشنیازه‌ پێكده‌هێنێت. له‌ دیداره‌كه‌دا گۆتێریس پێداگیری له‌سه‌ر پێویستی پابه‌ندبوون به‌ پره‌نسیپی سه‌ره‌كی كرده‌وه‌ بۆ گه‌ره‌نتی گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی هێورو ئاره‌زوومه‌ندانه‌.