رووسیا هێزی زیاتر ڕه‌وانه‌ی باكووری سووریا ده‌كات

پێكهاتووه‌ له‌ 300 سه‌رباز و 20 ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سه‌ربازی

ئاژانسی سپۆتنیكی ڕووسی بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ سوپای ڕووسیا گروپی سه‌ربازی زیاتری ڕه‌وانه‌ی باكووری سوریا كرد كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 300 سه‌رباز و 20 ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سه‌ربازی. 

سپۆتنیكی ڕووسی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌و هێزه‌ی ڕووسیا تێكه‌ڵ به‌ هێزی پۆلیسی سه‌ربازی ده‌كرێت و له‌ 10 ناوچه‌ی جیاجیای باكووری سووریادا گه‌ڕانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی توركیا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

شیاوی باسه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پۆلیسی سه‌ربازی ڕووسی و هێزه‌كانی سوپای توركیا گه‌ڕانی هاوبه‌شی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، پانتاییه‌كه‌یان 150 بۆ 160 كیلۆمه‌تر ده‌بێت.