پۆلۆنیا... نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی ھه‌رێم كۆنسێرتێك ڕێكده‌خات

به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی ١٠٠ ساڵ له‌سه‌ر ده‌مه‌زراندنی خوێندنی ڕۆژھه‌ڵاتناسی له‌ زانكۆی یاگیلۆنیان

 له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی زانستی نێوده‌وله‌تی به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی ١٠٠ ساڵ له‌سه‌ر ده‌مه‌زراندنی خوێندنی ڕۆژھه‌ڵاتناسی له‌ زانكۆی یاگیلۆنیان ، زیاد ره‌ئووف نوێنه‌ری حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌ پۆلۆنیا ھه‌موو به‌شدارانی كۆنفرانسه‌كه‌ی، كه‌ زیاتر له‌ ١٥٠ ڕۆژھه‌ڵاتناس و توێژه‌ری پۆلۆنی و عه‌ره‌ب و تورك و ئیرانی و زانستانی وڵاتانی تری جیھان و ھه‌ندێك له‌ دیپلۆماتكاران له‌نێویان باڵوێزی ئیماراتی عه‌ره‌بی و كۆنسولی گشتی ئۆكراینا بانگھێشت كرد بۆ كۆنسێرتێكی مۆسیقای كوردی و نانخواردنی ئێواره‌.

له‌سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵێك له‌ ڕه‌وه‌ند و قوتابیانی كوردستانی، به‌شێكیان به‌ جلوبه‌رگی كودی پێشوازیان له‌ میوانان كرد و نوێنه‌ری حكومه‌تی ھه‌رێم له‌ ووتارێكدا به‌خێراتنی كردن و سوپاسی ئاماده‌بووانی كرد بۆ توێژینه‌كانیان له‌ بواری ڕۆژھه‌ڵاتناسی له‌وكاته‌ ھه‌ستیاره‌ی كه‌ ھه‌موو ڕۆژھه‌ڵات و به‌تایبه‌ت ڕۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێی تێپه‌ڕده‌بێ و له‌ھه‌موو كات زیاتر پێویست ھه‌یه‌ به‌ له‌یه‌كتێگه‌یشتن و دیالۆگ و پێكه‌وه‌ ژیان. سوپاسێكی تایبه‌تی زانكۆی یاگیلۆنیانی كرد بۆ كردنه‌وه‌ی كورده‌لۆجی و گرینگی دانیان به‌ زمان و كولتوری كوردستان، ھه‌روه‌ھا بۆ ھاوكاری و ھه‌ماھه‌نگی زانكۆی ناوبراو له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ھه‌رێمی كوردستان .

ktv

لای خۆیه‌وه‌ ڕاگری به‌شی ڕۆژھه‌ڵاتناسی زانكۆی یاگیلۆنیان له‌ ووتارێكدا سوپاسی نوێنه‌ری حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی و ڕێكخستنی ئه‌و كۆنسێرته‌و بانگھێشتكردنی به‌شداربووان بۆ نانخواردنی ئێواره‌ و ناساندنی كه‌لتورو مۆسیقای ڕه‌سه‌نی كوردی.

ھه‌روه‌ھا سوپاسێكی زۆری به‌ڕێزیانی كرد بۆ زیاتر له‌ بیست ساڵ ھه‌ماھه‌نگی و یارمه‌تیدانی به‌شی ڕۆژھه‌ڵاتناسی زانكۆی یاگیلۆنیان له‌ كراكۆڤ .

دواتر تیپی مۆسیقا و گۆرانی '' سیانه‌ی هه‌مه‌دان''  به‌به‌شداری هونه‌رمه‌ندی ناسراو سه‌عدوڵڵا نه‌سیری كۆنسێرتێكی موسیقا و گۆرانی كوردی پێشكه‌شكرد و ئاماده‌بووانی سه‌رسام كرد.

پاشان ئاماده‌بووان له‌كاتی نانخواردنی ئێواره‌ ده‌رفه‌تیان بوو زیاتر یه‌كتر بناسن و ئاڵوگۆڕی ڕاو بۆچونیان بكه‌ن له‌سه‌ر بارودۆخی كوردستان و ڕۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست .

شایه‌نی باسه‌ له‌ ڕۆژی یه‌كه‌می كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مه‌راسیمی ده‌ستپێكردنی،به‌ڕێز سوڵتان بن محمد القاسمی به‌شدار بوو وه‌ مه‌دالیای زێڕی زانكۆی یاگیلۆنیانی پێ به‌خشرا . سه‌رۆكی زانكۆ به‌ڕێز ڤۆیچیخ نۆڤاك له‌ ووتاره‌كه‌ی له‌ كاتی به‌خێرھاتنكردنی نوێنه‌ری حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ بارودۆخی سوریاو ڕۆژئاوا كرد و گوتی نابێ جیھان ڕێگا بدا كورد وا موعامه‌له‌ بكرێ و دیسان تووشی كاره‌سات بێ .  

كوردستان تیڤی/ كامران

ktv